سەندیکای پزیشکان: پێویستە پزیشکانی گشتیی دەرچووی 2024 بە زووترین کات دابمەزرێن
رووداو - تەندروستی
گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکان رایدەگەیێنێت: ئەگەر پزیشکان دانەمەزرێن، کێشەی سەرەکی لە کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەکان دروست دەبێت، هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، رێگە چارەی دیکە بۆ دامەزراندنی پزیشکانی گشتی بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات دابمەزرێن.
د. ئامانج وەفایی، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دانەمەزراندنی پزیشکانی گشتی کێشەی گەورە لەسەر کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەکان دروست دەکات.
د. ئامانج وەفایی دەڵێت: پێویستە وەزارەتی تەندروستی بەدواداچوون بکات و ئەو 778 پزیشکەی لە ساڵی 2024دا دەرچوون، دابمەزرێن، بۆ ئەوەی رێگری لە کەمبوونەوەی پزیشکان لە نەخۆشخانەکان بکرێت و ئەوانەشی کە ئێستا دامەزراون، ناونیشانە پزیشکییەکانیان بەرز بکرێتەوە.
دوێنێ سێشەممە 7-5-2025 بۆ جاری دووەم پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو لە هەولێر و سلێمانی گردبوونەوە و پەیامیان ئەوەبوو، بە زووترین کات دابمەزرێن، چونکە ''پلەبەندیی هەموویان و ئەوانەی پێش خۆشیان تێکچووە و نائومێدن لە داهاتوویان''.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی رابردوو، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا هیچیان دانەمەزراون.
ژمارەی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024 بەپێی زانکۆکان بەم شێوەیەیە؛
- زانکۆی هەولێری پزیشكی؛ 273 پزیشک
- زانکۆی سلێمانی؛ 288 پزیشک
- زانکۆی دهۆک؛ 102 پزیشک
- زانکۆی زاخۆ؛ 21 پزیشک
- زانکۆی کۆیە؛ 43 پزیشک
- زانکۆی گەرمیان؛ 15 پزیشک
- زانکۆی کوردستان - هەولێر؛ 36 پزیشک