لە کۆیە لەهەمان کاتدا نەشتەرگەریی منداڵبوون و لابردنی کیسێکی گەورە بۆ خانمێک کرا
رووداو - تەندروستی
تەندروستیی کۆیە بڵاوی کردووەتەوە، لە نەخۆشخانەی شەهید د. خالید دوو نەشتەرگەری بۆ خانمێکی دووگیان لە یەک کاتدا کراون و ئێستا دۆخی تەندروستیی جێگیرە.
تەندروستیی کۆیە روونی دەکاتەوە، ئەو خانمە کیسێکی گەورەی 15 سانتیمەتریی هێلکەدانی هەبووە و دووگیانیش بووە، هاوکات لەگەڵ دەرهێنانی کیسەکە، نەشتەرگەریی منداڵبوونیشی بۆ کراوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 7-5-2025 د. شەهلا رەئوف، سەرپەرشتیارێکی نەشتەرگەرییەکە و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون بە رووداوی راگەیاند، خۆیان بە مەبەست نەشتەرگەریی دەرهێنانی کیسەکەیان لەگەڵ منداڵبوونەکە کردووە بە هەمان رۆژ.
نەشتەرگەرییەکە رۆژی سێشەممە 7ـی ئایار لە نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهید د. خالید لە کۆیە کرا و د. شەهلا رەئوف دەڵێت: ''خانمەکە دووەم منداڵی بووە و نزیکەی 25 ساڵان بوو، پێش نۆ مانگ بڕیارمان دا، نەشتەرگەریی دەرهێنانی کیسەکەی بۆ بکەین، بەڵام دەرکەوت کە دووگیانە و ئیدی چاوەڕێمان کرد تاوەکو ماوەی گونجاوی دووگیانییەکەی، چونکە ئەوکات لەبەر تەندروستیی کۆرپەلەکەی نەدەکرا بۆ دەرهێنانی کیسەکە، سڕکردنی بۆ بکرێت''.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، کیسی هێلکەدان کێشەیەکی بەربڵاوی نێو خانمانە و چەند رێگەیەک بۆ پێشگیری لێی ئاشکرادەکات وەکو؛
- دابەزاندنی کێش و کێشڕێکی
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەکان
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- رێکخستنی کاتی خەو