توێژینەوەیەک: ئەوانەی باوێشکی زۆر دەدەن، کەمتر تووشی لەبیرچوونەوە دەبن
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لە ئوسترالیا نهێنییەکی باوێشکدان ئاشکرا دەکات و دەریدەخات، رەنگە بەشێک بێت لە میکانیزمێکی ئاڵۆز بۆ رێکخستنی ئەرکەکانی مێشک و پاراستنی هاوسەنگییە زیندەییەکەی.
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی نیو ساوز وێڵز لە ئوسترالیا کراوە و ئەوە ئاشکرا بووە کە لەکاتی باوێشکدان جووڵەی شلەکانی مێشک و دڕکە پەتک گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و ئەمەش دەشێت پەیوەست بێت بە باشترکردنی فەرمانەکانیان.
چەند خۆبەخشێک پشکنینی MRIـیان بۆ کراوە لەکاتی باوێشکلێدان و توێژەران ئەوەیان تێبینی کردووە باوێشکدان دەبێتە هۆی جووڵەیەکی پێچەوانە لە رۆیشتنی شلەی مێشکدا بە بەراورد بە هەناسەدانی قووڵ، لە کاتێکدا نەخشێکی ئاڵۆزتری پیشانداوە لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا.
ئادەم مارتیناک، توێژەر لە زانستی دەمار دەڵێت: هەردوو کردەی باوێشکدان و هەناسەدانی قووڵ بەشدارن لە بەهێزکردنی جووڵەی خوێن بۆ دەرەوەی مێشک، ئەمەش رێگە بۆ پاڵنانی خوێنی نوێ بۆ ناوی خۆش دەکات، بەڵام باوێشکدان بە زیادبوونێکی کاتی لە جووڵەی خوێنی خوێنبەرەکاندا بە رێژەی نزیکەی یەک لەسەر سێ لە قۆناخە سەرەتاییەکانیدا جیا دەکرێتەوە.
هەرچەندە هێشتا بە تەواوی نەسەلمێندراوە بەڵام ئەوەش باس دەکرێت، ئەوانەی باوێشکی زۆر دەدەن، ئەگەری تووشبوونیان بە لەبیرچوونەوە و ئەڵزهایمەر کەم دەبێتەوە
بەپێی WHO، ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە ئەلزەهایمەر {باوترین نەخۆشیی لەبیرچوونەوە} کەم دەکەنەوە؛
- جووڵەی رۆژانە و چالاکیی جەستەیی
- خواردنی خۆراکی تەندروست
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر و پەستانی خوێن
- راهێنانی مێشک
- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
نیشانەکانی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر؛
- بیرچوونەوەی زانیاری و رووداوەکان
- تێکچوونی هاوسەنگیی رۆیشتن
- قورسی لە گێڕانەوەی رووداوەکان
- گۆڕانکاری لە رەفتارەکان
- دڵەڕاوکێ و خەمۆکی
- لاوازیی بڕیاردان
- پەیوەستنەبوون بە کات
- بەجێهێشتنی کەلوپەلەکان
- دانانی کەلوپەل لە شوێنی نەگونجاو