ناوەندێکی ئەمریکی: خنکان لە ئاو دا هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی منداڵانی خوار چوار ساڵانە

رووداو - تەندروستی 

ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا رایدەگەیەنێت، خنکان لەنێو ئاو دووەم هۆکاری گیانلەدەستدانی منداڵانی خوار 14 ساڵانە، هۆشداریش دەداتە دایک و باوکان.
 
هاوکات ناوەندەکە ئاشکرای دەکات، خنکان لە ئاو دا هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانە لەنێو منداڵانی خوار چوار ساڵان و دووەم هۆکاری گیانلەدەستدانیشە لە منداڵانی خوار 14 ساڵان.
 
بەپێی خاچی سووری ئەمریکی، زۆرینەی ئەو منداڵانەی لە ئاودا خنکاون لەو کاتانە بووە کە لەلایەن دایک و باوکیانەوە چاوەڕێ نەدەکرا کە بچنە نێو ئاوەکە یاخود بەشێکیان تەنیا لە پێنج خولەک بێ ئاگابوونی سەرپەرشتیارەکەیان، کارەساتەکە رووی داوە.
 
بە پێی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، چەند رێگەیەکی پێشگیریکردنی منداڵ لە خنکان لەنێو ئاو هەن بەتایبەت لە وەرزی هاوین وەکو؛
 
- فێربوونی منداڵ لە مەلەکردن.
- دانانی کەلوپەلەکانی فریاگوزاری لە ماڵەوە.
- چاودێریکردنی بەردەوامی منداڵ لەکاتی مەلەکردن.
- قەدەخەکردنی مەلەکردنی منداڵان لەو شوێنانەی مەلەکردن تیایاندا قەدەخەیە.
- بە تەنیا مەلەنەکرێت.
- لەبەرکردنی چاکەتی رزگارکەر لەنێو ئاو.
- لەنێو ئاودا هیچ خۆراک و خواردنەوەیەک نەخورێت و نەخورێتەوە.
 
هەروەها بەپێی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی وڵاتەکە، ئەوانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنیان هەیە پێویستە بە تەنیا مەلە نەکەن و لەگەڵ هەستکردن بە ناڕێکیی تەندروستییان، دەستبەجێ بێنە دەرەوە لەنێو ئاوەکە، چونکە ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ زۆرە.
 
لە یەکێک لە بوولتەنەکانی تەندروستیی رووداو، د. رێکان محەممەد، پزیشکی فریاکەوتن چۆنیەتیی ئەنجامدانی سینگە دڵەبووژانەوە CPR بۆ کەسێک کە لەنێو ئاودا لە خنکان نزیکدەبێتەوە و ژیانی رزگاردەکرێت، رووندەکاتەوە؛