وردەکاریی گیانلەدەستدانی یاریزانێکی تۆپی پێ ئاشکرادەکرێت

رووداو - تەندروستی

یارزانێکی تۆپی پێی هەڵبژاردەی میسر دوای تێکچوونی باری تەندروستی لەنێو یاریدا و چاکبوونەوەی، گیانی لەدەستدا؛ پزیشکەکەی وردەکارییەکە ئاشکرادەکات و دەڵێت: جەڵتەی دڵ لێی داوە.
 
دوای ئەوەی چەند مانگێک پێش ئێستا ئەحمەد رەفعەت، یاریزانی هەڵبژاردەی میسر و یانەی مۆدێرن فیوچەری خولی میسری لەنێو یاریگە لەهۆشخۆی چوو و لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ کرا، جارێکی دیکە باری تەندروستیی تێکدەچێتەوە و لە رۆژی شەممە 6ـی تەممووز یانەکەی هەواڵی گیانلەدەستدانی رادەگەیەنێت.
 
لەم بارەیەوە د. ئەحمەد ئەشرەف، پزیشکی یاریزانەکە و راوێژکاری نەخۆشییەکانی دڵ و پسپۆڕی وەرزشیی یانەی مۆدێرن فیوچەر دەڵێت: ''ئەحمەدی 31 ساڵان پەستانی خوێنی بەرزبووەتەوە و جەڵتە لێی داوە، بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا''.
 
د. ئەحمەد ئەشرەف دەشڵێت، کاتێک ئەحمەد چەند مانگێک پێش ئێستا لەنێو یاریگە باری تەندروستیی تێکچوو، دڵی وەستا و خرایە ژێر چاودێریی چڕ، پاشانیش تەندروستیی جێگیربوو، بەڵام لە ماڵەکەی خۆیدا بەهۆی خەستبوونەوەی خوێنەوە جەڵتە لێی داوەتەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، هاوکات ئەوەشی بە دۆخێکی دەگمەن ناوبرد لە کەسانی خوار 35 ساڵان.
 
د. جەمال شەعبان، سەرۆکی پێشووی پەیمانگەی نیشتمانیی دڵ لە میسر لەم بارەیەوە نهێنییەک ئاشکرادەکات و دەڵێت: باوکی ئەحمەد رەفعەت بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە یاریزانەکە مێژووی جەڵتە لەنێو ماڵباتەکەیدا هەبووە.
 
بە گوێرەی کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا، جەڵتەی دڵ بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانی دڵەوە، خوێن بۆ دیوارێکی دڵ ناچێت، خانەکانی ماسوولکەی دڵ دەمرن و فەرمانی ئاسایی خۆیان لەدەستدەدەن.
 
نیشانەکانی جەڵتەی دڵ؛ 
 
- سینگئێشە
- ئازاری شان و قۆڵی چەپ
- هێڵنج و رشانەوە
- ئارەقکردن و ساردبوونی پێست
- هەناسەتەنگی 
- ناڕێکیی لێدانی دڵ
 
هەر بەپێی کۆمەڵەکە چەند هۆکارێک هەن کە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە لەنێو گەنجاندا زیاددەکەن وەکو؛
 
- کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- گوشاری دەروونی 
- ناڕێکیی خەو 
- خۆراکی ناتەندروست
- نەخۆشییە درێژخایەنەکان
- قەڵەوی
- بۆماوە
 
راوێژکارێکی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە لە بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس دا چەند هۆکارێکی جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجان رووندەکاتەوە؛