پسپۆڕێکی دەم و ددان: بەهیچ شێوەیەک دار بۆ پاککردنەوەی ددان بەکارنەیەت
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی پووک و ددان ئاشکرای دەکات، نابێت هیچ دارێک بۆ پاککردنەوەی ددان بەکاربهێندرێت، چونکە زیان بە ددانەکان و پووکیش دەگەیەنێت.
دکتۆر مستەفا محەممەد، پزیشکی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی پووک و ددان بە رووداوی راگەیاند، رەچاوکردنی باری تەندروستیی پووک و دەوروبەری ددان، پێش دەستپێکردنی هەر چارەسەرێکی ددان زۆر گرنگە، هەروەها دەڵێت: ''پووک تەندروست بێت، ئەوا چارەسەرییەکانی ددانیش سەرکەوتوو دەبن''.
دکتۆر مستەفا محەممەد دەشڵێت: بەهیچ شێوەیەک دار بۆ پاککردنەوەی ددان بەکارنەیەت، بەڵکو پەت یاخود فڵچەی باریک دەکرێت بەکاربێت، تاوەکو ئەو پاشماوانەی نێوان ددانەکان کە لەکاتی شۆردن لاناچن، لە رێگەیانەوە پاکبکرێنەوە.
لە بەشێکی قسەکانیدا هۆشداری دەدات لە هەڵەیەک لەکاتی شۆردنی ددان و گوتی، شۆردنی ددان بە ئاراستەی ئاسۆیی واتە لەلای راست بۆ لای چەپ و بە پێچەوانەشەوە هۆکارێکە بۆ دروستبوونی ناڕێکیی پووک، بۆیە پێویستە فڵچەی ددان بە شێوەی بازنەیی بەسەر رووی ددانەکاندا بەکاربێت.
لەبارەی بایەخدان بە پووک گوتیشی، ژینگەیەکی جێگیر بۆ رێکارەکانی وەکو پڕکردنەوە، کیف و چاندن دابیندەکات، ئەمەش ئەنجامەکانی جوانکاریی ددان بەرەوپێش دەبات و مەترسیی ئاڵۆزییەکان کەمدەکاتەوە.
بە گوتەی ئەو پزیشکە، پووکی تەندروست پشتگیری لە تەندروستیی درێژخایەنی دەم و ددان دەکات. هەروەها ئاماژە بەوەشدەکات، ئەگەر نەخۆشیی پووکی ددان چارەسەر نەکرێت، دەبێتەهۆی لەدەستدانی ئێسک لە دەوروبەری ددانەکان و لە کۆتاییدا لەدەستدانی ددانەکان.
لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، پاکڕاگرتنی ددان و پووک لە رێگەی شووشتن و بەکارهێنانی پەتی ددان یاخود سەردانی وەرزی بۆ لای پزیشکی ددان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی پووکەکە و خاوێنکردنی، زۆر گرنگە تاوەکو رێگری لە نەخۆشی بکرێت.
پێشنیازیش دەکات، تەنیا لەکاتی هەوکردن و تووشبوون بە نەخۆشی، سەردانی پزیشک نەکرێت، بەڵکو بۆ لێپێچینەوە و چاودێریکردن دەشێت سەردانی دکتۆر بکرێت، تاوەکو بە دروستی ددان و پووک بپارێزرێن.