خوێندکارێکی زانکۆی راپەڕین هەڵەیەکی نێو کتێبێکی پزیشکیی جیهانی راستدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

خوێندکارێکی کۆلێژی پەرستاریی زانکۆی راپەڕین هەڵەیەکی نێو کتێبێکی پزیشکیی جیهانی دەدۆزێتەوە و دوای رەچاوکردنی پێشنیازەکەی، لە چاپی نوێی کتێبەکە هەڵەکە راستدەکرێتەوە.
 
ژیوار حەسەن، خوێندکاری قۆناخی سێی کۆلێژی پەرستاریی زانکۆی راپەڕینە و هەڵەیەکی زانستی لە بەشی 33ـی کتێبی Lewis’s Medical-Surgical Nursing eleventh editioـی تایبەت بە بواری پەرستاری دۆزیوەتەوە، ئەو دەڵێت: لە کتێبەکە نووسرابوو کە دەرمانەکانی Fibric acid debriative پەیوەندییان نییە بە چەوریی LDLـەوە، بەڵام لە راستیدا کەمیی دەکاتەوە.
 
وشەی Fibric acid debriative کۆمەڵێک دەرمان دەگرێتەوە کە رۆڵیان هەیە لە کەمکردنەوەی چەوریی سیانی و زیادکردنی چەوریی سوودبەخش کە ناسراوە بە HDL.
 
ژیوار حەسەن بە رووداوی گوت، لەلایەن دەزگای Elsevier سوپاس و پێزانینی ئاڕاستە کراوە کە ئەو دەزگایە مافی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی هەیە.

لە نامەی یەکەمدا ژیوار هەڵەی نێو کتێبەکەی بە دەزگاکە گوتووە، لە نامەی دووەمدا دەزگاکە وەڵامی داوەتەوە و پێشنیازەکەی ژیواریان بە هەند وەرگرتووە و داوای ئەو بەش و چاپەیان کردووە کە هەڵەکەی تێدایە. پاشان ژیوار بۆی ناردوون و لە نامەی کۆتاییدا دەزگاکە دەستخۆشی لە ژیوار کردووە و راستکردنەوەی هەڵەکەی پێشان داوە، تەنانەت سکرین شۆتێکی ئەو پارچەیەشیان بۆ ژیوار ناردووە کە چاککراوەتەوە.