پسپۆڕێک بۆ دایک و باوکان: پشکنینی غودە بۆ منداڵە تازەلەدایکبووەکەتان بکەن
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیێنێت، پێویستە دایک و باوکان پشکنینی پێشوەختەی غودە بۆ منداڵە تازەلەدایکبووەکەیان بکەن، دەشڵێت: باشترین کات بۆ پشکنینی غودەی دەرەقی لەنێوان تەمەنی 3 بۆ 5 رۆژ دوای لەدایکبوونە.
د. دڵزار ئەدهەم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان بە رووداوی راگەیاند، لاوازیی غودە یاخود کەمچالاکیی غودە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێوەیەکی سکماکی هۆرمۆنی دەرەقی بوونی نییە یان بەشێوەیەک لە شێوەکان لەکارکەوتووە.
ئەو گوتی، بەداخەوە ئەم نەخۆشییە سەرەتا هیچ نیشانەیەکی نییە. بۆیە پێویستە ئەم پشکنینە بۆ هەموو منداڵێکی تازەلەدایکبوو بکرێت، چونکە دواکەوتن لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە دەبێتە هۆی لاوازیی بیر و هزری منداڵ و دواکەوتنی گەشە و زیادنەکردنی کێش و نەتوانینی قسەکردن، بەگشتی دەبێتە مناڵێکی نیڤشکان لەڕووی لایەنی مێشکی و جەستەییەوە.
بۆچی گرنگە پشکنینی غوده بۆ منداڵی تازەلەدایکبوو بکرێت؟
هۆرمۆنەکانی غودەی دەرەقی یەکێکن لە هۆرمۆنە هەرە گرنگ و کاریگەرەکان کە لەلایەن رژێنی دەرەقییەوە دەردەدرێن، ئەم هۆرمۆنانە رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە گەشەکردنی مێشکی منداڵ، توانا هزری، گەشەفیزیکی و جەستەییەکان، رێکخستنی پلەی گەرمیی جەستە، زیادکردنی رێژەی وزەی خۆراک و رێکخستنی لێدانی دڵ.
هەندێک لە نیشانەکانی نەخۆشی غودە لە منداڵدا؛
1- زەردوویی درێژخایەن بۆ زیاتر لە دوو هەفتە لە تەمەنی مناڵەکە
2- قەبزی و ئەستووربوونی سک
3- پەیدابوونی فتقی ناوک
4- منداڵە تازەلەدایکبووەکە زۆر خەواڵووە و گریانی زۆر کەمە و زۆر زۆر دەخەوێت
5- هەندێجار زمانیان زۆر دەردەچێت لە دەمەوە
6- شیرخواردنیان زۆر کەمە و کێشیان زیاد ناکات
7- پێستیان وشکە و جەستەیان ساردە، چونکە پلەی گەرمیی جەستەیان دادەبەزێت
8- هەندێکجار شێوەی روخساریان زۆر تێکدەچێت
لە کۆتاییدا گوتی، ''دایک و باوکان هەوڵبدەن لە دوای تەمەنی سێ رۆژیی منداڵەکەیان، پشکنینەکانی غودە بۆ منداڵەکانیان بکەن لە نەخۆشخانەی تایبەتمەندی منداڵان، چونکە زوو دەستنیشانکردن بەتایبەت لە مانگی یەکەمی تەمەنی منداڵەکە و دەستکردن بە چارەسەر لە مانگی یەکەمدا، رێگە لە لیکەوتە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکە دەگرێت''.
پشکنینی غودە چۆن دەکرێت؟
سەرەتا خوێن لە منداڵەکە وەردەگیرێت و لەڕێگەیەوە پشکنینەکانی غودەی بۆ دەکرێت وەکو زانینی ئاستی هۆرمۆنەکانی TSH، T3 و T4 پاشانیش بە رێژە دەردەکەوێت کە ئەو هۆرمۆنانە ئاستیان چۆنە و دەکرێت دەستنیشانی ناڕێکییەکانی غودەی منداڵ بکرێت {ئەگەر هەیبێت}.