چەند خوویەکی هەڵە لەکاتی میزهاتندا تووشی کێشەت دەکەن

رووداو - تەندروستی

لێکۆڵینەوەیەکی ئەمریکی دەریدەخات، 13 ملیۆن ژن و پیاو لە ئەمریکا بەدەست میزڕانگەرتنەوە دەناڵێنن بەتایبەت خانمان لە دوای تەمەنی وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانەیان.
 
پسپۆڕانیش هۆشداری دەدەن کە چەند خوویەک هەیە دەکرێت کاریگەری لەسەر توانای راگرتن و بەتاڵکردنەوەی میزەڵدان بکەن، ئێکێنێ ئێنێمچوکوو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی میزەڕۆ لە زانکۆی ستانفۆڕد دەڵێت: ماسوولکەکانی بنی حەوز پێویستیان بە ئارامبوونەوە هەیە، کە دوای میزکردن ئەمە روودەدات.
 
د. مێگان مارکۆڤسکی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە ئەمریکا دەڵێت، پەستانی زۆر لەکاتی میزکردندا ماسوولکەکانی حەوز و میزەڵدان لاواز دەکات و میزەڵدانیش بە تەواوی بەتاڵ نابێتەوە. هەروەها روونی کردەوە، ''ئەو خووە ناتەندروستە دەکرێت ماسوولکەکانی حەوز تێکبدات و راگرتنی میزیش لاواز بکات''.
 
''زوو زوو میز مەکە''
 
د. مێگان مارکۆڤسکی هۆشداری دەدات لە زوو زوو میزکردن و دەڵێت: ''پێش ئەوەی هەست بە پڕبوونی میزەڵدانت بکەیت، میز مەکە، بەتایبەت پێش چوونە دەرەوەیەک یاخود سواربوونی ئۆتۆمبێل یانیش پێش کۆبوونەوەیەک. لەبەر ئەوەی ئەگەر زوو زوو میز بکەیت ئەوا ماسوولکەکانی میزەڵدان وەڵامدانەوە بۆ بڕێکی کەمی میز پەیدا دەکەن و ئیدی دەبێتە رۆتینێکی ئاسایی.
 
''هەستت بە پڕبوونی میزەڵدانت کرد، دوای مەخە و بەتاڵی بکەرەوە''
 
ئێکێنێ ئێنێمچوکوو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی میزەڕۆ دەڵێت: راگرتنی میز بۆ ماوەیەکی زۆر هۆکارێکە بۆ هەوکردن و کشانی ماسوولکەکانی میزەڵدان، بەمەش کشانی ماسوولکەکان کەم دەبێتەوە و لە کۆبوونەوەی بڕێکی کەمی میز، کەسەکە بێزار دەکات و دەبێت بۆ بڕێکی کەمی میز، میزەڵدانی بەتاڵ بکاتەوە، بەمەش توانای راگرتنی میزی کەم دەبێتەوە.
 
''لەژێر دووشدا میز مەکە''
 
د. تێریزا ئێروین، پسپۆڕێکی ئەمریکیی میزەڕۆیە و رایدەگەیێنێت، میزکردن لە کاتی خۆشووشتندا مێشک رادەهێنێت کە 'دەنگی ئاو پەیوەستە بە میزکردنەوە'، هەروەها ئەم خووە باوە دەکرێت ببێتە هۆی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی ماسوولکەکانی میزەڵدان و لە هەندێک حاڵەتیشدا زیان بە گورچیلەکان دەگەیێنێت، چونکە هەر بە بیستنی دەنگی ئاو، مێشک هانی ماسوولکەکانی میزەڵدان دەدات بۆ بەتاڵکردنەوە.
 
چۆن مێشک و میزەڵدان راهێنانیان پێبکرێت بۆ راگرتنی میز و سەلامەتیی میزکردن؟
 
1- راهێنانی هەناسەدان بە سک بکە؛ پێش ئەوە لە توالێت میز بکەیت، دانیشە و بە لووت هەناسە وەربگرە، بەجۆرێک کە پەستان بکەوێتە سەر سک و پاشان بە دەم بدرێتەوە، ئینجا میز بکرێت.
 
2- ئارامگرتن لەنێو توالێت بۆ میزکردن؛ ئەگەر بە یەک پەستان میز کرا، باشترە کەسەکە هەڵبستێتەوە و دابنیشێتەوە پاشان میزەڵدانی بەتاڵ بکاتەوە، بۆ ئەوەی هیچ بڕێکی میزی تێدا نەمێنێتەوە.
 
3- ژمارەی میزکردنەکان تۆمار بکرێت؛ ئەمە چاودێریی زیاتر دەخاتە سەر تەندروستیی میزکردن، هەوڵ بدرێت کۆنتڕۆڵی وەرگرتنی شلەمەنی بکرێت و لە رۆژێکدا 2 بۆ 4 کاژێرێک جارێک میز بکرێت و لە شەویشدا ئەوپەڕی یەکجار.
 
4- هیچ ئامێرێکی زیرەک بۆ توالێت نەبردرێت، تەنانەت رۆژنامەش بۆ ئەوەی کەسەکە سەرقاڵ نەکەن و زۆریش نەمێنێتەوە.
 
5- ئەگەر نیشانەی ناڕێکیی میزکردن و دوای میزکردن دەرکەوتن، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی میزەڕۆ بکرێت.