لە نەخۆشخانەیەکی هەڵەبجە ژوورێک بۆ پێدانی رێنوێنی بە دایکان تەرخاندەکرێت
رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون لە هەڵەبجە ژوورێک تەرخانکراوە بۆ پێدانی رێنوێنی بە دایکان لەماوەی دووگیانی و پاش منداڵبوونیش.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-8-2025 د. هودا ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵانی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، زۆر گرنگی بە هاندانی دایکان دەدەن بۆ پێدانی شیری سرووشتی بە منداڵەکانیان و سوودەکانی شیرپێدانی سرووشتیش بۆ دایک روون دەکەنەوە.
د. هودا ئەحمەد دەڵێت: پێدانی زانیاری بە دایکان، زیاتر دووریان دەخاتەوە لە شیری قوتوو و هاندەدرێن بۆ ئەوەی شیری خۆیان بە کۆرپەکەیان بدەن.
سوودەکانی شیری دایک بە هەفتەیەک تەواو نابن، بەڵام لە دێسکی تەندروستیی رووداو هەوڵدەدەین نوێترین زانیارییەکان لەسەر شیری دایک رابگەیێنین و هەفتەیەک رووماڵمان بۆ ئەو بابەتە داناوە بە ناوی ''شیری دایک، ڤاکسینێک لە بەهەشتەوە''.