بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە تەندروستیی دهۆک: مانگانە نزیکەی دوو هەزار تووشبووی سکچوون و رشانەوە تۆماردەکرێن
رووداو - تەندروستی
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک رایدەگەیێنێت، مانگانە نزیکەی دوو هەزار تووشبووی سکچوون و رشانەوە تۆماردەکرێن و زۆرینەیان منداڵن.
رۆژی پێنجشەممە 7ـی ئەیلوولی 2023 لە بولتەنی تەندروستی د. سەگڤان حەسەن، بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە تەندروستیی دهۆک گوتی، زۆرینەی ئەوانەی سکچوون و رشانەوەیان هەیە تووشبووی ڤایرۆسن، بەڵام 30 تووشبوو هەن کە گومانیان لێدەکرێت کۆلێرایان هەبێت.
د. سەگڤان دەڵێت: تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویێکی کۆلێرا تۆمارنەکراوە، هەروەها لەبارەی باوترین نیشانەی کۆلێراش دەڵێت: هەر کەسێک سکچوونی شێوە ئاوی برنجی هەبێت، ئەوا نموونەی لێوەردەگیرێت و دەنێردرێتە تاقیگەی گشتی.
ئەو بەرپرسەی نەخۆشییە گوازراوەکان روونی دەکاتەوە، هەر شوێنێک ئاوی پیسبوو و تووشبووی کۆلێراش دەستنیشانکرا ئەوا پەتا رادەگەیێندرێت و پێویستە رێوشوێنەکانی پێشگیریکرن لێی جێبەجێبکرێن.
د. سەگڤان حەسەن وەکو پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی رێنوێنیی هاونیشتمانییان دەکات، 'دەستشۆردنی بەردەوام، خواردنەوەی ئاوی سەرچاوە دیار و خاوێن، شۆردنەوەی سەوزە و میوەکان، کوڵاندنی ئاو و دوورکەوتنەوە لە خۆراکەکانی سەرشەقام' جێبەجێبکەن.