پزیشکانی گشتیی دەرچووی زانکۆکانی دەرەوەی وڵات: 53 کەسین و ناومان لە لیستی دامەزراندن دەرهێنراوە
رووداو - تەندروستی
پزیشکانی دانەمەزراوی دەرچووی کۆلێژی پزیشکیی گشتیی دەرەوەی وڵات کە داوای دامەزراندن دەکەن رایدەگەیێنن، ''ئەمە زوڵمە هەموو شتێکمان یاسایی بێت و ناومان بۆ دامەزراندن دەرهێنرابێت''.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20-7-2025 نوێنەرێکی ئەو دەرچووانەی کۆلێژی پزیشكی گشتیی دەرەوەی وڵات لەبەردەم وەزارەتی تەندروستی بە رووداوی راگەیاند، ژمارەیان 53 دەرچوون و ماوەی ساڵێکە لە هەوڵدان بۆ دامەزراندنیان، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
دکتۆر ئالان جەلال، پزیشکێکی گشتیی دانەمەزراوە کە لە زانکۆکانی دەرەوەی وڵات خوێندوویەتی و بە رووداوی گوت، ناوی ئێمە لە لیستی دامەزراندن دەرهێنراوە. ئاماژەش بەوە دەکات، ئەوان هەموو رێکارەکانیان یاسایی بووە و هیچ کەموکورتییەکیان نییە.
ئەوان داوا دەکەن، بە زووترین کات ناویان لەنێو لیستی پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو بێت بۆ دامەزراندن، هەروەها لەنێو بینای وەزارەتی تەندروستی مانگرتنیان راگەیاندووە تاوەکو ئەو کاتەی وەڵامی داواکارییەکانیان دەدرێتەوە.
ئەو پزیشکانە لە مانگی تەممووزدا چوونە نێو وەزارەتی تەندروستی بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان، بەڵام گرژی لێکەوتەوە و ئەمەش چیرۆکی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان ئەو پزیشک و کارمەندانی نێو وەزارەتی تەندروستییە. {بیبینە}.