پۆدکاستی کلینیکاست؛ دایباب بەرپرسن لە تەندروستیی ددانی منداڵەکانیان
رووداو - تەندروستی
پزیشكێکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان لەنێو پۆدکاستی ئەم هەفتەیەی کلینیکاست دەڵێت، ددانی شیری نابێت بکێشرێت، بەڵکو بە سرووشتی خۆی دەکەوێت، چونکە ئەگەر دەربهێنرێت ئەوا ددانە هەمیشەییەکان ناڕێک دەکات. (ئەمەش جگە لە هەندێک دۆخ کە پێویستە پزیشک بڕیار لەسەر دەرکێشانی ددانی شیری بدات).
دکتۆر تاژان محەممەد، پزیشکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان ئاماژە بە نیشانەکانی ددانی منداڵ دەدات و دەڵێت: هەر لە تەمەنی شەش مانگییەوە ئیدی دەست بە ددانهاتن دەکات.
نیشانەکانیش ئەمانەن؛
- گریانی زۆر
- نەخواردنی خۆراک
- ئاوسان و سووربوونەوەی پووک
- تایەکی مامناوەند
- سکچوون و رشانەوە
دکتۆر تاژان لەبارەی سکچوونەوە ئاماژە بەوە دەکات، کە منداڵ ددانی دێت، لیکی زۆر دەبێت و لیکەکە دەخواتەوە، بەمەش وایلێدێت کە پیساییەکەی شل بێت.
ئەو پسپۆڕە باسی چیرۆكێکی چارەخوازێکی منداڵی دەکات کە ددانەکانی کەوتوون و رواڵەتێکی ناشترینیان هەبووە، ئیدی منداڵەکە پێی بێزار بووە و گوتویەتی ''منداڵەکانی دیکە گاڵتەم پێدەکەن'' و لەگەڵ دایکی چوونەتە لای دکتۆر تاژان. ئەو پزیشکە هۆشداری دەدات کە دایباب لە تەمەنی 6 مانگی تاوەکو 6 ساڵیی منداڵ، بەرپرسە لە شووشتنی هەمیشەیی ددان.