پزیشکێکی گەنج لە هەولێر گیانی لەدەستدا؛ هۆکارەکەی ئاشكرا دەکرێت

رووداو - تەندروستی

تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، پزیشکێکی نیشتەجێی دێرین کە خوێندکاری دواین قۆناخی خوێندنی بۆردی عەرەبیی پسپۆڕیی نەخۆشییەکانی منداڵان بوو، ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد. هاوڕێیەکی ئەو پزیشکە هۆکاری مردنەکە بۆ رووداو ئاشکرا دەکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 7-10-2025 تەندروستیی سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە، دکتۆر سانا نەجات، پزیشکی نیشتەجێی دێرینی نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان، کۆچی دوایی کرد.
 
لەم بارەیەوە لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستانیش بە رووداوی گوت، ئەو خانمە پزیشکێکی هەولێر بووە و بۆ خوێندنی بۆرد، لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی کاری کردووە.
 
پزیشکێکی پسپۆڕ کە هاوڕێی دکتۆر سانایە تایبەت بە رووداو ئاشكرای کرد، دکتۆر سانا نەخۆشیی پەنکریاسی هەبووە و دەرکەوتووە، گرێی شێرپەنجەییە و هەر بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
 
وردەکاریی شێرپەنجەی پەنکریاس بزانە
 
بە گوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا، شێرپەنجەی پەنکریاس 3٪ـی تووشبووانی شێرپەنجە لە وڵاتەکە پێکدەهێنێت و یەکێکە لە 10 بەربڵاوترین شێرپەنجەکان.
 
هەر بە گوێرەی ناوەندەکە، چەندین هۆکار هەن کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پەنکریاس زیاددەکەن وەکو 'کێشانی جگەرە و نێرگەلە، بەساڵداچوون، تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایێنەکان وەکو شەکرە، تووشبوون بە هەوکردنی پەنکریاس، خواردنەوەی کحول و قەڵەوی'.
 
دامەزراوەی هێرشبێرگی ئەمریکی بۆ توێژینەوە لەسەر شێرپەنجەی پەنکریاس پێشبینیدەکات، تاوەکو ساڵی 2030 شێرپەنجەکە ببێتە دووەم بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجە، هەروەها دامەزراوەکە ئەوەش ئاشکرادەکات، بەساڵاچووان ئەگەری زیاتریان بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەکە هەیە.
 
زانیوتە؟ فرانک کاپریۆ، دادوەری بەنێوبانگی ئەمریکی تووشبووی شێرپەنجەی پەنکریاس بوو و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. (راپۆرتێک بخوێنەرەوە)