شێوازێکی بەکارهێنانی مۆبایل و لاپتۆپ دڵەڕاوکێ و خەمگینی زیاد دەکات
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی جومگە و رۆماتیزم لەبارەی شێوەیەکی جەستە لەکاتی بەکارهێنانی مۆبایل و لاپتۆپدا رایدەگەیێنێت: دانیشتن بە شلوشێواوی لەکاتی بەکارهێنانیان، هەستی نەرێنیی دەروونی زیاد دەکات.
د. سوزی شولمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی جومگە و رۆماتیزم لە ئەمریکا دەڵێت: ئەگەر لەکاتی بەکارهێنانی مۆبایل یاخود ئایپاد و لاپتۆپدا مل بەرەو خوارەوە بێت، دەستەکان شل و پشتیش چەماوە بێت، هەستی خەمگینی و دڵەڕاوکێ زیاد دەکات.
ئەم قسەیەی پسپۆڕەکەی جومگە لەلایەن د. پریا راغەڤان، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە هیندستان پشتڕاستکراوەتەوە و دەڵێت، فیزیکیی جەستە راستەوخۆ دەتوانێت ئەو هەستە نەرێنی و خەمگینییە بە دەروون بدات و کاریگەری لە بیرکردنەوە و هەستەکانمان هەبێت.
پسپۆڕە دەروونییەکە روونی دەکاتەوە، شێوەکانی دانیشتنی جەستە هۆڕمۆنەکان دەگۆڕێت، ئەمەش پەیوەندیی بە دەروونەوە دەبێت.
چۆن لە بارێکی دروستدا دەبیت و مۆبایلیش بەکاردەهێنیت؟
- مۆبایل یاخود شاشەی لاپتۆپەکەت لەئاستی چاوتدا دابنێ.
- لەکۆی هەر 20 بۆ 30 خولەکێک کشانێکی ماسوولکە بکە.
- بیرخەرەوەیەک بۆ خۆت دابنێ لەکاتی بەکارهێنانی مۆبایل و کۆمپیوتەر بۆ ماوەیەکی درێژ و بیر خۆتی بهێنەرەوە کە چۆن دانیشتوویت؟
- وەرزش و راهێنانی بەهێزکردنی ماسوولکەکانی شان، سینگ و مل بکە.