FDA: ئامێری پێوانی ئۆکسجین بۆ رەش پێستەکان ورد نییە

رووداو دیجیتاڵ

دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا FDA هۆشیاریدەدات ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی پێوانەکردنی ئۆکسجین لە کەسە رەنگتێرەکاندا پێوانەیەکی ورد نادەن بەدەستەوە و وردنین لە دەستنیشانکردنی ئاستی ئۆکسجینی خوێن.
 
دەزگای FDA رایدەگەیێنێت پێوانەی ئامێرەکانی ئۆکسجین کەمتر وردن لە کەسانی رەش پێست، چونکە ئامێرەکان بە پشتبەستن بە تیشک رێژەی ئۆکسجین دیاریدەکەن بەمەش لەکەسە رەنگتێرەکان رێژەکە بەرزدەبێتەوە لەکاتێکدا رەنگە کەسەکە رێژەی ئۆکسجینی نێو خوێنی کەم بێت. 
 
لە توێژینەوەیەکی زانکۆی میشیگانی ئەمریکی کە هەزار سپی پێست و 230 رەش پێست بەشداربوون، توێژەران دوو رێگەی پێوانەکردنی ئۆکسجینیان بەکارهێنا تاوەکو دڵنیابن لە کوالێتی ئەنجامەکان، ئامێری ئەلیکترۆنی و شیکارکردنی گازەکانی نێو خوێنیان بەکارهێنا و لەگەڵ یەکدی بەراوردیان کرد، دەرکەوت لە سپی پێستەکاندا رێژەی جیاوازی ئەنجامی هەردوو جۆرە پشکنینەکە 4٪ بوو بەڵام ئەم رێژەی جیاوازییە  لە رەش پێستەکان بۆ 12٪ بەرزدەبێتەوە.
 
دکتۆر دارین سوتۆن، پزیشکی فریاکەوتن لە ئەمریکا دەڵێت: ''پێویستە ئامێرێکی نوێ دابهێندرێت کە خوێندنەوەیەکی ورد و گونجاوی هەبێت و رەنگی پێست کاری لێ نەکات''.
 
دکتۆر دارین هەروەها دەڵێت: ''ناڕێکی لە ئەنجامی خوێندنەوەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لەوکەسانەی رێژەی ئۆکسجینیان ئاساییە دەرناکەوێ، بەڵام کێشەکە لەوێدا دروستدەبێت کە کەسێک رێژەی ئۆکسجینی لەژێر 90٪ بێت بەتایبەت بۆ ئەوانەی رەشپێستن.'' 
 
ئامێری ئەلیکترۆنی بۆ پێوانی رێژەی ئۆکسجین بووەتە ستانداردێکی سەرەتایی بۆ چاودێریکردنی ئەو نەخۆشانەی تووشی کۆڤید-19 دەبن، تەنانەت پزیشکان سوود لە ئەنجامەکانی ئامێرەکە وەردەگرن، چونکە دەتوانن بەخێرایی لە بارودۆخی سییەکانی نەخۆش بۆ بەرهەمهێنانی ئۆکسجین دڵنیاببنەوە.