د. پشدەر عەبدوڵڵا: لە سلێمانی رێژەی لەدایکبوونی منداڵی ناکام 12.5٪ بەرزبووەتەوە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی هۆشداری لە زیادبوونی ژمارەی منداڵانی ناکام لە پارێزگاکە دەدات و دەڵێت: ئەمساڵ 12.5٪ ژمارەی لەدایکبوونی منداڵی ناکام زیادبووە و داهاتووی منداڵ و دایکان لە مەترسییەکی گەورەی تەندروستیدایە.
رۆژی پێنجشەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2023 د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەدی تایبەت بە منداڵان لە سلێمانی رایگەیاند، منداڵی ناکام هەر لەکاتی لەدایکبوونییەوە دووچاری کێشە تەندروستییە جیاوازەکان دەبێتەوە، تەنانەت بەشێکی ئەو کێشانەش رەنگە لە تەمەنە گەورەکاندا تووشی ببن.
د. پشدەر عەبدوڵڵا دەڵێت: ژمارەی تووشبووانی پەتا وەرزییەکان لەنێو منداڵاندا زیادبووە، هەروەها روونی دەکاتەوە، منداڵانی تووشبووی نەخۆشییە درێژخایێنەکان بە تووندی پەتا دەگرن و ئەوانەن کە لە نەخۆشخانە بەهۆی تووشبوونیان بە پەتا دەخەوێندرێن.
د. پشدەر گوتی، لەکاتی زۆربوونی پەتاکان مەترسییەکی گەورە روو لە هاونیشتمانییان و بەتایبەت منداڵان دەکات ئەویش بەکارهێنانی دەرمانی ناپێویستی دژەهەوکردنەکانە، هاوکات دەڵێت: بەبێ راوێژی پزیشک دەرمانی دژەهەوکردن نەدرێت بە منداڵ.
بەڕێوەبەرەکەی نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەدی تایبەت بە منداڵان هۆشداریدەدات و دەڵێت: ''ئەگەر رێژەی لەدایکبوونی منداڵی ناکام بەردەوام لە زیادبووندا بێت، ئەوا توانای چارەسەر و چاودێریکردنی ئەو منداڵانە کەمدەبێتەوە و ژیانیان دەکەوێت مەترسییەوە''.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا د. پشدەر ئەوەشی گوت، ناڕێکیی شێوازی ژیانی خانمان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پەنا بردنە بەر نەشتەرگەریی منداڵبوون، چونکە ئێستا بەشێکی زۆری خانمان جووڵەیان کەمە و خۆراکی ناتەندروست دەخۆن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە سلێمانی پانێڵێکی تایبەت بە هۆشیارکردنەوە و خستنەڕووی پاشهات و مەترسییەکانی منداڵی ناکام خرانەڕوو، پانێڵەکە بە بەشداریی د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و د. شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانمان و منداڵبوون لە سلێمانی بەڕێوەچوو.