فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار؛ ساڵی رابردوو زیاتر لە 230 هەزار نەخۆش تۆمار کراون
رووداو - تەندروستی
سەرۆکی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار رایدەگەیێنێت، زۆرینەی تۆمارکراوانی فریاکەوتن جگە لە نەخۆشییەکانی هەناو، زۆرینەیان ئەوانەن کە جەڵتەیان تووشبووە. پسپۆڕێکیش دەڵێ، جەڵتەی مێشک لەنێو گەنجاندا زیاتر دەبینرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-1-2026 د. ئەحمەد سەعید، پسپۆڕی فریاکەوتن و سەرۆکی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی فێرکاریی شار لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، زۆرینەی حاڵەتەکانی فریاکەوتن نەخۆشییە هەناوییەکان بوون بەتایبەت جەڵتە، پاشانیش هەوکردنی تووندی سییەکان و بۆڕییەکان هەوا.
د. ئەحمەد سەعید ئاشکرای دەکات، زۆرینەی ئەوانەی تووشی جەڵتەی دڵ و مێشک بوون و لە فریاکەوتن تۆمار کراون، تەمەنیان گەورە بووە و بەشێکیشیان بەهۆی هەوکردنی تووندی سییەکانیانەوە خەوێندراون.
هەر ئەمڕۆ د. زانا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی بەشی جەڵتەی مێشک لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بە رووداوی گوت، ''ئێستا جەڵتەی مێشک لە هەموو تەمەنێکدا دەبیندرێت و بەتایبەتیش گەنجان زۆر تووشی دەبن''.
د. زانا هۆکاری جەڵتەی مێشکی لەنێو گەنجان روون کردەوە و دەڵێت: جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان لەگەڵ خۆراکی ناتەندروست هۆکاری باون و بەشێکی گەنجانیش بەهۆی ئەوەی نەخۆشیی پەستانی خوێنیان هەیە و پێی نازانن، کۆنتڕۆڵی ناکەن و تووشی جەڵتەی مێشک دەبن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، ساڵی رابردوو زیاتر لە 230 هەزار نەخۆش سەردانی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شاریان کردووە و 20 هەزار و 548 نەخۆش لە فریاکەوتن خەوێندراون، بە شێوەیەکی گشتیش لەو نەخۆشخانەیە 68 هەزار و 666 نەخۆش خوێندراون.