قایمقامی ئاکرێ: بەهیچ شێوەیەک ئاسانکاری بۆ تاوانی هێرشکردنە سەر پزیشکان ناکەین
رووداو - تەندروستی
قایمقامی قەزای ئاکرێ رایگەیاند ئەو کەسەی هێرشی کردووەتە سەر پزیشکێکی نەخۆشخانەی ئاکرێ، کەیسەکەی لە دادگەیە و دەشڵێت، "بەهیچ شێوەیەک ئاسانکاریی بۆ ئەو جۆرە تاوانانە ناکەین، چونکە پزیشکەکە لەکاتی ئەرکی خۆیدابووە."
دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی قەزای ئاکرێ گوتی "ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانە دەکەن دەبێت ببینن کە کارمەندانی تەندروستی لە چ ئەرکێکی سەختدان بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانییان، بۆیە سەرەڕای ئەو ماندووبوونەیان، یەکێک بێت و چەقۆی لێبدات، بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە."
قایمقامی ئاکرێ ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین جار لەگەڵ بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاکرێ بابەتی پاراستنی گیانی کارمەندانی تەندروستییان تاوتوێ کردووە و داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، کارمەندی پاراستن بۆ نەخۆشخانەکانی ئاکرێ زیاد بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا زیاد نەکراوە و داوای زیادکردنی دەکەین، چونکە زۆر کەمە.
ئەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییە دوای ئەوەهات شەوی 6-2-2026 لە نەخۆشخانەی ئاکرێ بە چەقۆ هێرشکرایە سەر دکتۆر محەممەد فەیسەڵ پزیشکی نیشتەجێی خولاو و قاچی راستی بریندار کرا.