پزیشکێک لە رۆژی جیهانیی خانمان: کچانی گەنج بەهۆی نەخۆشییەکی باو لە مەترسیی نەزۆکبووندان
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی پسپۆڕ لە رۆژی جیهانیی خانمان ئاشکرای دەکات، حاڵەتەکانی فرەکیسی هێلکەدان لەنێو کچانی گەنجدا زیاد بووە و کێشەی جیدی دروستکردووە؛ نەزۆکبوون یەکێکیانە.
د. شناو هەورامی، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون پیرۆزبایی لە خانمان دەکات و دەڵێ، بەهیوام هەمیشە تەندروست بن، بەڵام هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 8-3-2026 ئەوەی بە رووداو راگەیاند، فرەکیسی هێلکەدان بووەتە حاڵەتێکی باو لەنێو کچانی گەنج و کێشەی جیدی هەر لە تێکچوونی سووڕی مانگانەوە تاوەکو نەزۆکی دروستکردووە.
د. شناو هەورامی ئاشكرای دەکات، فرەکیسی هێلکەدان بەهۆی خۆراکی ناتەندروست و کەمیی جووڵەوە دروستدەبێت و ئێستا بەشێکی زۆری کچان هەیانە.
ئەو گوتی، کچانی لەدایکبووی دوای 2000ـەکان زۆرترین ئەوانەن کە نەخۆشییەکەیان هەیە و دیارترین نیشانەش ناڕێکیی سووڕی مانگانەیە، چونکە هۆڕمۆنەکانیان تێکدەچێت. ئەگەری بە زوویی چارەسەر نەکرێت، رەنگە درێژمەودا ببێتە هۆی نەزۆکی یاخود ئەو خانمە بە زەحمەت وەچە بخاتەوە.
نیشانەکانی کیسی سەر هێلکەدان
* نارێکی سووڕی مانگانە
* دەرکەوتنی زیپکە
* زیادبوونی کێش
* تێکچوونی دەروون
* زۆربوونی مووەکانی جەستە و رووخسار
پێشگیریکردن
* کێشدابەزاندن
* دوورکەوتنەوە لە خواردنە خێراکان
* خواردنی سەوزە و میوە