توێژینەوەیەک: بەکارهێنانی مۆبایل لە تەوالێتدا هۆکارێکی مایەسیرییە

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات ئەو کەسانەی لەکاتی چوونە تەوالێت مۆبایلە زیرەکەکانیان بەکاردەهێنن، 46% زیاتر مەترسیی تووشبوونیان بە مایەسیری هەیە بە بەراورد بەو کەسانەی کە مۆبایل بەکارناهێنن.
 
سەنتەری پزیشکیی بێس ئیسرائیل دیکۆنێس لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات بەکارهێنانی مۆبایل و سەرقاڵبوون بە سۆشیاڵ میدیا و خوێندنەوەی هەواڵ لە تەوالێت، وادەکات کاتێکی زیاتر بمێنەوە، ئەمەش گوشار لەسەر شانەکانی کۆم زیاد دەکات.
 
د. تریشا پاسریچا سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە دەڵێت: "بەکارهێنانی مۆبایل لە تەوالێتدا، چانسی تووشبوون بە مایەسیری بە رێژەی 46% زیاد دەکات، بۆیە پێویستە خەڵکی مۆبایلەکانیان نەبەنە تەوالێت و هەوڵبدەن لە ماوەی چەند خولەکێک کارەکەیان تەواو بکەن."
 
د. تریشا پاسریچا ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەپڵیکەیشنەکانی نێو مۆبایل بە شێوەیەک دروستکراون کە سەرنجی بەکارهێنەر رابکێشن و وا بکەن هەست بە تێپەڕبوونی کات نەکەن، بۆیە زیاتر لە توالێت دەمێننەوە و گوشار لەسەر کۆمیان درووستدەبێت و تووشی مایەسیری دەبن.