بەڕێوەبەری فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر: زۆرینەی رووداوە قورسەکان لەدوای بەربانگدا روودەدەن

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر لە پۆدکاستی کلینیکاستدا ئاشکرای دەکات، لەماوەی بەربانگ و دوای بەربانگدا زۆرترین حاڵەتەکانی فریاکەوتن روودەدەن. ئەوەش دەڵێت کە رۆژانە 500 بۆ 600 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن.
 
د. کاروان نانەکەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر روونی دەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی خەڵک دوای رۆژووشکاندن ئاسوودە دەبێت و چالاکتر دەبێت، دوای بەربانگ زیاتر تووشی رووداوە لەناکاوەکان دەبن و دێنە فریاکەوتنەکان.
 
بەگوتەی د. کاروان نانەکەلی، زۆر نەخۆش هەیە کە دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و نابێت بەڕۆژوو بێت، بەڵام هەر بەڕۆژوو دەبێت و لە ماڵەوە دۆخی تێکدەچێت و خێزانەکەی دەشڵەژێن، زۆر بە خێرایی دەیهێننە فریاکەوتن کە ئەگەری رووداوی هاتووچۆیان هەیە. (خێزانێک بەو شێوەیە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون و 3 یان 4 کەس گیانیان لەدەستدا).
 
وەکو بەڕێوەبەری نەخۆشخانە، ئەوە باس دەکات کە زۆرجار نەخۆشەکان هاوەڵی زۆریان لەگەڵدا دێت و قەرەباڵخی دروستدەکەن، بۆیە دەڵێت: لێکتێنەگەیشتنی زۆر لەنێوان ئەوان و پزیشکان دروستدەبێت و کەشوهەوای نەخۆشخانەش تێکدەچێت. پاشانیش باسی کێشەیەکی جیدی دەکات و دەشڵێت، ''نەخۆشخانە شوێنێکی لەبارە بۆ گواستنەوەی نەخۆشی''.