لە هەرێمی کوردستان رێژەی تووشبووانی تالاسیمیا 38٪ زیاد بووە
رووداو - تەندروستی
بەدواداچوونێکی رووداو ئاشکرای دەکات، زیاتر لە سێ هەزار تووشبووی تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستاندا هەن و رێژەی تووشبووانیش ساڵانە زیادی کردووە.
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی تالاسیمیا 38٪ بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان زیاد بووە و ئامارەکانیش هۆشداری دەدەن.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە سەنتەری تالاسیمیای هەولێر دەست رووداو کەوتوون، ئێستا 950 تووشبووی نەخۆشییەکە تۆمارکراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-5-2025 کۆچەر کەریم، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان، ئێستا لە سلێمانی 1378 تووشبوو تۆمارکراون.
هەر ئەمڕۆ د. حەسەن ئەسوەد، بەڕێوەبەری سەنتەری ژین بۆ تالاسیمیا و شێرپەنجە لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ئێستا 819 تووشبووی تالاسیمیایان لەلا تۆمارکراوە.
پسپۆڕانی بواری نەخۆشییەکانی خوێن رایدەگەیێنن، تاکە رێگەی رێگری لە نەخۆشییەکە، پشکنینی پێش هاوسەرگیرییە و هەمیشە جەختیش لەوە دەکەنەوە کە هاوسەرگیری لەنێوان دوو کەسی هەڵگر و دوو کەسی تووشبوودا نەکرێن.
لە زۆرێک لەو وڵاتانەی نەخۆشییەکەیان تێدا باوە، پەنا براوەتە بەر رێگەی چارەسەر و بنبڕکردنی درێژخایەنی گونجاو بۆ ئەوەی نەخۆشییەکە تێیاندا کەم بکرێتەوە، بەتایبەت وڵاتانی ئیتاڵیا، قوبرس و یۆنان کە پەنایان بردۆتە بەر میکانیزمێک کە بتوانن لە 10 ساڵدا نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
بەگوێرەی کۆمەڵەی پسپۆڕانی خوێن لە ئەمریکا نەخۆشیی تالاسیمیا بۆماوەییە و خڕۆکە سوورەکانی خوێن و هیمۆگڵۆبین کەم دەبنەوە، هەروەها هۆکارەکەی نەزانراوە، بەڵام ئەگەر دایک و باوک هەردووکیان هەڵگر بوون ئەوا منداڵی تووشبوویان دەبێت.
ئەو ئامارانەی دەست دێسکی تەندروستیی رووداو کەوتوون بەم شێوەیەن؛
ژمارەی تووشبووان لە هەولێر ساڵی 2014؛ 760 تووشبوو، تائێستا بووە بە 950 تووشبوو.
ژمارەی تووشبووان لە سلێمانی ساڵی 2014؛ 1074 تووشبوو، تائێستا بووە بە 1378 تووشبوو.
ژمارەی تووشبووان لە دهۆک ساڵی 2014؛ 450 تووشبوو، تائێستا بووە بە 819 تووشبوو.