CDC: لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار تووشبووی سوورێژە تۆمار کراون
رووداو - تەندروستی
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار تووشبووی سوورێژە لە وڵاتەکە تۆمارکراون.
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا ئەمساڵ زۆرترین تووشبووی نەخۆشییەکە تۆمارکراون و چاوەڕوان دەکرێت سەتان تووشبووی دیکەش هەبن، بەڵام تۆمار نەکرابن.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ساڵی 2000ـەوە ساڵانە نزیکەی 180 تووشبووی سوورێژە تۆمار دەکرا، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە چەند هێندە زیادبووە و تەنیا لە چوار مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار تووشبوون تۆمار کراون.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆکاری زیادبوونی رێژەی تووشبووان لە ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمبوونەوەی کوتان و گوێنەدانی خەڵک بە ڤاکسینی سوورێژە.