گوتەبێژی کۆمەڵەی تالاسیمیا: ئەمساڵ لە هەولێر 12 بۆ 13 تووشبووی نوێ تۆمار کراون
رووداو - تەندروستی
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار تووشبووی تالاسیمیا هەن، تووشبوویەک لە سلێمانی دەڵێت: کێشەی کواڵیتیی دەرمانەکانی تالاسیمیا هەیە و وەکو پێشووتر نەماوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-5-2025 هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی پێشگیریکردن لە نەخۆشیی تالاسیمیا؛ چاوان عوبێد، تووشبوویەکی نەخۆشییەکەیە و دەڵێت: دەرمانەکانمان گرانن و بە ئەگەری زۆرەوە بەشی دوو هەفتە دەکات.
هەر ئەمڕۆ سروە عەلی، گوتەبێژی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان بە رووداوی راگەیاند، تەنیا لە هەولێر لە سەرەتای ئەمساڵەوە 12 بۆ 13 تووشبووی نوێی تالاسیمیا تۆمارکراون و تادێت ژمارەی تووشبووان بەرز دەبێتەوە.
سروە عەلی ئاشکرای کرد، بەشێکی زۆرینەی تووشبووانی تالاسیمیا نرخی دەرمانەکانیان مانگانە دەگاتە 500 هەزار دینار و ئێستاش بە خۆبەخشی دەرمانی ڤیتامینەکانیان بۆ دابین دەکرێت.
ئەوەشی پشتڕاست کردەوە، لە هەولێر نزیکەی 950 تووشبووی نەخۆشییەکە هەن کە بە ئاوارەکانیشەوە دەگاتە نزیکەی 1100 تووشبوو.