توێژینەوەیەک: دروستبوونی زیپکەی روخسار هۆکارێکی کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردنە

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات، زیپکەی دەموچاو کاریگەریی لەسەر خواردنی کەسەکە دەبێت و کەمی دەکاتەوە، بەجۆرێک دوو ئەوەندە و نیو ئەگەری تێکچوونی خواردن زیاد دەکات.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی یێڵ لە ئەمریکا لەسەر حەوت هەزار و 400 کەس کرا و دەرکەوت، ئەوانەی زیپکەیان هەیە ئارەزووی خواردنیشیان کەم بووەتەوە، پسپۆڕان دەڵێن، زیپکەکانی روخسار دڵەڕاوکێ زیاد دەکەن، هەر ئەمەشە دەبێتەهۆی سنووردارکردنی خواردن.
 
د. جێفری کۆن، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: ''گەنجان بە رێژەیەکی زۆر کاریگەرن بۆ زیپکەکانی روخساریان و ئاسانتر تووشی دڵەڕاوکێ و گوشار دەبن، هەر بۆیە دەشێت ئارەزووی خواردنیشیان تێکبچێت''.
 
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایدەگەیێنێت، بەرگەسەرین و هەر رووکەشێک کە بەر پێست و دەستەکان بکەوێت دەشێت هۆکار بن بۆ دروستبوونی زیپکە.