پسپۆڕێک: دانیشتنی سەر زەوی رێخۆشکەرە بۆ تووشبوون بە سەوەفان
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک، شکان و جومگە رایدەگەیێنێت، راکردنی هێواش، لێخوڕینی پاسکیل و کەمکردنەوەی دانیشتنی سەر ئەرز و چوارمەشقی رێگەی کاریگەرن بۆ پێشگیری لە خراپتر بوونی سەوەفان.
د. هونەر محەممەد، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک، شکان و جومگە بە رووداوی گوت، کاتێک تایەی ئۆتۆمبێل کۆن دەبێت، جگە لە گۆڕینی، هیچ چارەسەرێکی دیکە نییە، بۆیە وا باشترە کە نەشتەرگەریی جومگەگۆڕین بکرێت بۆ ئەو کەسانەی کە تووشی سەوەفان بوون و ناتوانن بە ئاسایی جووڵە و چالاکیی رۆژانەیان بکەن و بەردەوام ئازارشکێن بەکاردەهێنن.
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، کاتێک کەسێک تووشی سەوەفان دەبێت، ئەو کڕکڕاگەیەی لەکۆتایی ئێسکەکان هەیە تەنک دەبێتەوە و زۆرجاریش دەچێتە سەر ئێسک، بەمەش ئازاری ئەژنۆ دەستپێدەکات.
ئەوەش باس دەکات، تاوەکو ئێستا زانست نەیتوانیوە چارەسەری بنەڕەتی بۆ نەخۆشییەکە بدۆزێتەوە، هەر بۆیە دەڵێت: خۆشبەختانە زۆر رێگە هەیە کە پێش ئەوەی کەسەکە تووشی سەوەفان ببێت، رێگری لە خراپتر بوونی دۆخەکەی بکرێت وەکو؛
1- وەرزشەکانی بەهێزکردنی ماسوولکەکانی دەوروبەری ئەژنۆ.
2- راکردنی هێواش و لێخوڕینی پاسکیل.
3- دابەزاندنی کێش، چونکە یەک کیلۆ کێشی زیاد پێنج ئەوەندە پەستان دەخاتە سەر ئەژنۆ لەکاتی سەرکەوتن بە پلیکانەدا.
4- کەمکردنەوەی دانیشتنی سەر زەوی و چوارمەشقی
5- چارەسەرکردنی هۆکارەکانی تووشبوون بە سەوەفان وەکو 'خواریی جومگەکان و برینداربوونی بەستەر و کڕکڕاگەی ئەژنۆ'.
لە کۆتاییدا گوتی، هەندێک هۆکار هەن ناتواندرێت رێگەیان لێبگیرێت بۆ نەخۆشیی سەوەفان وەکو 'تەمەن، رەگەز و بۆماوە'.