کۆچەر کەریم: کواڵیتیی دەرمانەکانی پێشوومان لەمانەی ئێستای حکومەتی عێراق باشتر بوون
رووداو - تەندروستی
سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان رایدەگەیێنێت، لەو کاتەوەی دەرمانەکانی تالاسیمیا لەلایەن عێراقەوە دابین دەکرێن و بەرهەم دەهێندرێن، کواڵیتییان دابەزیوە و ئازاری تووشبووانی تالاسیمیا دەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-5-2025 کۆچەر کەریم، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، ئەم دەرمانانەی ئێستا کواڵیتییان وەکو دەرمانەکانی رابردوو نییە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی سویسرییەوە بەرهەم دەهاتن.
لەبارەی ئەو بڕیارەی کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە ناردنە دەرەوەی تووشبووانی تالاسیمیا بۆ چارەسەر، کۆچەر کەریم گوتی، ''پارەکەی بۆ تەرخان کراوە و 100 تووشبوو ئامادە کراون، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراوە''.
بەگوێرەی کۆمەڵەی پسپۆڕانی خوێن لە ئەمریکا نەخۆشیی تالاسیمیا بۆماوەییە و خڕۆکە سوورەکانی خوێن و هیمۆگڵۆبین کەم دەبنەوە، هەروەها هۆکارەکەی نەزانراوە، بەڵام ئەگەر دایک و باوک هەردووکیان هەڵگر بوون ئەوا منداڵی تووشبوویان دەبێت.
ئەو ئامارانەی دەست دێسکی تەندروستیی رووداو کەوتوون بەم شێوەیەن؛
ژمارەی تووشبووان لە هەولێر ساڵی 2014؛ 760 تووشبوو، تائێستا بووە بە 950 تووشبوو.
ژمارەی تووشبووان لە سلێمانی ساڵی 2014؛ 1074 تووشبوو، تائێستا بووە بە 1378 تووشبوو.
ژمارەی تووشبووان لە دهۆک ساڵی 2014؛ 450 تووشبوو، تائێستا بووە بە 819 تووشبوو.