تیمێکی ئیتاڵی بۆ چارەسەریی نەخۆشیی دڵی منداڵان دێتە هەرێمی کوردستان؛ پڕۆژەکە لە ساڵی 2005ـەوە بە پشتیوانی نێچیرڤان بارزانی بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
تیمێکی ئیتاڵی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشییەکانی منداڵان گەیشتە دهۆک. رێکخراوی هیڤی کە جێبەجێکاری ئەم هەوڵەیە، دەڵێت: "وەک بەشێک لە پابەندی درێژخایەنی مرۆیمان بۆ رزگارکردن و پاراستنی ژیانی مندڵانی تووشبوو بە نەخۆشییە زگماکییەکانی دڵ، بەردەوامبوونی بەرنامەی نەشتەرگەری دڵی مندڵان رادەگەیەنین کە ئەمە بەرنامەیەکی گرنگە و لە ساڵی 2005ەوە بە پشتگیریی بێوێنەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێ."
رێکخراوەکە دەڵێت: "لە رۆژانی 7 بو 12ی حوزەیرانی 2025 و بە هاوئاهەنگی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی لە پارێزگای دهۆک و سەنتەری ئازادی بۆ نەخۆشیەکانی دڵ، رێکخراوی هیڤی میوانداری تیمێکی نەشتەرگەری پسپۆڕی ئیتاڵی لە نەخۆشخانەی سان دوناتو Donato San Policlinico S.C.C.R.I و رێکخراوی Bambini Association Mondo nel Cardiopatici دەکات. ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت لە رێگەی بونیاتنانی هاوبەشییەکی باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتی بە مەبەستی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری رزگارکەر بۆ ئەو منداڵانەی پێویستییان پێیەتی."
دکتۆر محەممەد مەحموود، بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە رێکخراوی هیڤی بە ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداوی لە دهۆک راگەیاند: "ئەمە تیمێکی تایبەتمەندی نەخۆشی دڵی منداڵانە لە ئیتاڵیاوە هاتوون، لە رێگەی پڕۆگرامێکی تایبەتی هیڤی و بە پشتیوانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە هاوئاهەنگی وەزارەتی تەندروستی لە ساڵی 2005ەوە بەردەوامە."
تیمە ئیتاڵییەکە پێکهاتووە لە پزیشکانی پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵی منداڵان، پزیشکانی پسپۆڕی پشکنینی دڵی منداڵان، پزیشکانی بێهۆشکردن، پزیشکانی چاودێریی چڕ و پەرستاران، شانبەشانی ستافی پزیشکی ناوخۆیی سەنتەری ئازادی دڵ لە دهۆک.
دکتۆر محەممەد گوتی: "تیمەکە 13 کەسن و کەرەستەی پێویستیان بۆ جۆرە نەشتەرگەرییانە هێناوە. ئەوان پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵ، پسپۆڕی پشکنین و چاودێریی چڕ و چەندین پسپۆڕیی دیکەیان لەگەڵە کە لە پێش نەشتەرگەرییەوە تاوەکو دوای نەشتەرگەرییەکە چاودێری منداڵەکان دەکەن."
وەک بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە رێکخراوی هیڤی ئاماژەی پێدەکات: "نێچیرڤان بارزانی هەر لە دەستپێکەوە لە 2005ەوە هاوکاری دارایی و لۆجیستی ئەم پڕۆژە و کارە بووە و بەشێکی منداڵەکانیشی ناردووە بۆ دەرەوەی وڵات بۆ وەرگرتنی چارەسەر."
دکتۆر محەممەد گوتیشی: "ئەم تیمە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 830 نەشتەرگەری و قەستەرەی دڵی بۆ منداڵان کردووە؛ زیاتر لە 540 نەخۆشیش نێردراونەتە ئیتاڵیا بۆ پشکنین و نەشتەرگەری."
رێکخراوی هیڤی دەڵێت، هەموو ساڵێك سەتان منداڵ لە هەرێمی كوردستان و عێراق تووشی نەخۆشیە زگماکییەکانی دڵ دەبن كە پێویستیان بە نەشتەرگەری پێویستە، بەڵام چارەسەرییەکە بەهۆی کەمیی پاڵپشتی دارایی، کێشە لۆجستییەکان ونەبوونی ژێرخانی چارەسەریی زۆرجار ناتوانرێت دابین بکرێت، بۆیە لە رێگەی ئەم سەردانەوە زۆرێك لەو منداڵانە دەستیان بە چارەسەری ورد وپێویست دەگات. ئەم دەستپێشخەرییە نەوەک تەنیا نیشانەیەکی بەرزی هاوئاهەنگی و دڵسۆزییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ بەهێزکردنی بنەمای خزمەتگوزاریی تەندروستی بەردەوام و درێژخایەن لە ناوچەکەدا."
هاوکات دکتۆر مەحموود شەمسەدینی، ئەندامی تیمی پزیشکانی ئیتاڵی بە رووداوی گوت: "ئەمە جاری پێنجەمە لەگەڵ ئەم تیمەدام و ئەزموونێکی باشم پەیداکردووە. پێش هاتنی تیمەکە بە پێنج مانگ منداڵە نەخۆشەکان دیاری دەکرێن، بۆ ئەمجارە 12 منداڵ دیاریکراون کە نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت."
بەگوێرەی رێکخراوی هیڤی، تیمەکە لە 13 ئەندام پێکهاتووە و تایبەتمەندە لە نەشتەرگەری دڵی منداڵان و بەرنامەی کارەکانیان بەم شێوەیە:
- ئەنجامدانی 10 بۆ 12 نەشتەرگەری بۆ منداڵانی تووشبووی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی دڵ.
- پشکنین بۆ زیاتر لە 200 نەخۆشی بۆ ئاگاداربوون لە دۆخیان و ئامادەکردنیان بۆ وەرگرتنی هەموو جۆرە چارەسەرێک لە داهاتوودا.
- دەستنیشانکردنی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشییە سەختەکان بۆ چارەسەرکردنیان لە ئیتاڵیا.
- هەڵسەنگاندنی پێویست لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبوون لەلایەن پزیشکی تایبەتمەندی پشکنینی دڵ و ئیکۆ کە هەڵدەستن بە پشکنینی کۆرپەلە لە سکی دایکیاندا.
- مەشق و راهێنانکردن بە کارمەندانی پزیشکیی نێوخۆیی بۆ بەرزکردنەوەی توانایان لە بواری نەشتەرگەری دڵی منداڵان.
-دەستنیشانکردنی ژمارەیەک کارمەند بە مەبەستی ناردنیان بۆ مەشق و راهێنان لە شاری میالنی والتی ئیتاڵیا.