بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی: کێشەی کەمیی کیسی خوێن بەردەوامە

رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ''بەهۆی کەمیی ژمارەی کیسەکانەوە، دەستکراوە نین لە دابینکردنی کیسی خوێن بۆ بانکەکانی خوێنی ناوچەکانی سەر بە پارێزگاکە''.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی تەممووزی 2024 کۆچەر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، عێراق بڕی پێویستی کیسی خوێن نانێرێت و لە رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەرکی خۆی کەموکورتیی ژمارەی کیسەکانی خوێنی پڕدەکردەوە، بەڵام دوای قەیرانە داراییەکان، ئەو دابینکردنە وەستا.
 
کۆچەر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی روونی دەکاتەوە، ''کیسی خوێن بۆ هەڵەبجە، رانیە و قەڵادزێش دەنێرین، بەڵام بە رێژەیەکی دیاریکراو، بەهۆی ئەوەی کە کێشەی کەمیی کیسی خوێن لە بانکەکە بەردەوامە''.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی دەڵێت، هەرچەندە تائێستا نەگەیشتوونەتە دۆخێک کە بەهۆی نەبوونی خوێنەوە کێشە بۆ نەخۆشەکان دروستببێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی خوێنە (نێگەتیڤەکان)ـیان کەمە.
 
داواش لە هاونیشتمانییان دەکات، خوێن ببەخشن تاوەکو ژیانی چەندان کەس لە مردن رزگاربکەن و ''خوێن بەخشین ئەرکێکی نیشتمانییە''.
 
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، مانگی رابردوو سێ هەزار و 189 بتڵی خوێن لە بانکی خوێنی سلێمانی دراوە بە ناوەندە تەندروستییەکان، ژمارەی بتڵە بەخشراوەکانی بەشێکیان بەم شێوەیەی خوارەوەیە؛
 
- 722 بتڵ خوێن بۆ نەخۆشخانەی تالاسیمیا
- 428 بتڵ خوێن بۆ نەخۆشخانەی هیوا
- 305 بتڵ خوێن بۆ نەخۆشخانەی شار
- 124 بتڵ خوێن بۆ نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵانی سلێمانی
- 89 بتڵ خوێن بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری
- 848 بتڵ خوێن بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان