لە هەرێمی کوردستان و عێراق نەخۆشییەکی دەگمەن تۆمار و چارەسەر دەکرێت

رووداو - تەندروستی

نەخۆشییەکی دەگمەن لە هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار دەکرێت و لەلایەن پسپۆڕانی کوردەوە چارەسەر دەکرێت؛ سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ئەوە یەکەم دەستنیشانکردنی نەخۆشیی ''دروستبوونی گرێی کۆڵۆنە لە دوای چاندنی گورچیلە'' کە ناسراوە بە نەخۆشیی Malakoplakia.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 8-7-2025 د. مەجید شێخانی، پسپۆڕی ورد و راوێژکاری نەخۆشییەکانی هەناو و گورچیلەکان کە سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەیە دەڵێت: نەخۆشەکە خانمێکی 30 ساڵی خەڵکی خوارووی عێراق بوو و دوای چاندنی گورچیلە بۆی، تووشی دروستبوونی گرێی زیادەی کۆڵۆنی بوو بە ناوی Post Renal Transplant Chronic Nodule، خوێنبەربوونی تووشکردبوو لەگەڵ سکچوون و کەمخوێنی.
 
د. مەجید شێخانی گوتی، ''نەخۆشەکە پێش دوو ساڵ نیشانەکانی تووند بوون و دواتر بۆمان دەرکەوت تووشی ئەو نەخۆشییە دەگمەنە بووە، چارەسەری گونجاوی پێدرا و نیشانەکانی نەمان و چاکبووەوە''. ئەمە کراوەتە توێژینەوە و لە گۆڤاری Law and Medicine بڵاو کراوەتەوە.
 
بەپێی توێژینەوەکانی NCBI و NIH ئەم نەخۆشییە دەگمەنە و لە هەر وڵاتێک تۆمار کرابێت توێژینەوەی لەسەر کراوە، بەتایبەت وڵاتانی ئەمریکا، پاکستان، رۆمانیا، ئوسترالیا، ئیمارات و سوێد و چەندانی دیکە.
 
ئەمەی خوارەوە هەناوبینیی کۆڵۆنی ئەو خانمە 30 ساڵەیە کە تووشی دروستبوونی گرێی کۆڵۆن لە دوای چاندنی گورچیلە بوو، چارەسەری پێدراو و چاک بووەتەوە.