پسپۆڕێک: ئاساییە رۆتینی پێستت نەبێت، چونکە بەشێکی زۆری بازرگانییە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایدەگەیێنێت، رۆتینی پێست مەرج نییە هەموو کات پێویست بێت و زۆرجاریش بووە بە بازرگانی. بەتایبەت رێکلامەکانی سۆشیاڵ میدیاکان.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 8-7-2025 د. سامی وەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، سۆشیاڵ میدیاکان کاریگەریی زۆری نەرێنییان لەسەر هەڵەبەکارهێنانی رۆتین و بەرهەمەکانی جوانکاریی پێست هەبووە، بە شێوەیەک هەندێک رێکلام دەکرێن کە گوایە، ''کرێمێک بە 20 رۆژ پەڵە ناهێڵێت''، ئەمەش زۆر ناڕاستە. 
 
د. سامی وەلی دەڵێت: رێکلامی بەرهەمەکانی جوانکاری لەلایەن کچە دیارەکانی نێو سۆشیاڵ میدیاکان کاریگەریی نەرێنی کردووە و رۆژانە قوربانییانی هەڵەبەکارهێنانی بەرهەمەکانی جوانکاری دەبینین.
 
لە کۆتاییشدا بۆ پاراستنی پێست ئەم رێنوێنییانە بە هاونیشتمانییان دەدات وەکو؛ 'خۆپاراستن لە هەتاو، پاکڕاگرتنی دەموچاو، بەکارهێنانی شێدارکەرەوە بۆ پێستی وشک، هەر کێشەیەک هەبوو راوێژ بە پزیشک بکە'.
 
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەکات، باوەڕ بە رێکلامەکانی بەرهەمەکانی جوانکاری نەکەین و روونی دەکاتەوە و دەڵێت: نەخۆشیی سەدەف لە ئەمریکا چارەسەری نییە و بنبڕ ناکرێت، بەڵام لە هەولێر کرێمێکیان داناوە و کە گوایە چارەسەری ئەو نەخۆشییە دەکات.