تەندروستیی دهۆک: تووشبووانی تای خوێنبەربوون چارەسەر کراون و گەڕاونەتەوە ماڵەوە

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک رایدەگەیێنێت، دوو تووشبووی تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانە مابوون و دوای وەرگرتنی چارەسەر، ئێستا رەوانەی ماڵەوە کراون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 8-9-2025 تەندروستیی دهۆک رایگەیاند، پشکنینی تەواوەتی بۆ ماڵباتی تووشبووەکان کراوە و دەرکەوتووە، هەموویان ساخن.
 
تەندروستیی دهۆک جەختی لەوەش کردەوە، ڤێتێرنەری پارێزگاکە هەڵمەتی رشاندنی ئاژەڵانی دەستپێکردووە.
 
د. بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستن لە تەندروستیی دهۆک بە رووداوی گوتووە، ''نەخۆشییەکە ئێستاش هەیە و بڵاو دەبێتەوە، زۆرینەی ئەوانەی بە گومانلێکراوی نەخۆشییەکەش دەستنشیانکراون گۆشتفرۆش بوون''.
 
بەگوتەی د. فەرەیدوون حەمەد قادر، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەندامی لیژنەی باڵای تای خوێنبەربوون، ئەو هەڵمەتە فراوانەی کە کراون، کاریگەریی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەست رووداو کەوتوون، لە هەڵمەتەکانی ڤێتێرنەری بۆ بنبڕکردن و پێشگیریکردن لە تای خوێنبەربوون، لەماوەی نێوان 15ـی نیسان تاوەکو 2ـی تەممووزی ئەمساڵدا، لە هەرێمی کوردستان تیمەکان دوو هەزار و 622 گوندیان بەسەر کردووەتەوە؛ ملیۆنێک و 758 هەزار و 153 مەڕ و 489 هەزار و 486 بزن و 36 هەزار و 618 ئاژەڵی گەورە شۆردراونەتەوە؛ جگە لەوەش دەرزیی دژەقڕکەر لە زیاتر لە 362 ئاژەڵ دراوە؛ 14 هەزار و 134 خاوەن ئاژەڵیش لەو هەڵمەتانە سوودمەند بوون.