پسپۆڕێکی کورد لەبارەی نەخۆشخانەیەکی ژاپۆن: شێرپەنجەی سییەکانی تێدا زۆرترینە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە سلێمانییەوە دەچێتە نەخۆشخانەیەکی سەنتەری توێژینەوەی شێرپەنجە لە ژاپۆن و دەڵێت: شێرپەنجەی سییەکان پێشەنگی رێژەی تووشبووانی شێرپەنجەکان بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 8-9-2025 د. سارا جەمیل، پسپۆڕی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا کە ماوەکانی رابردوو 14 رۆژ چووەتە نێو نەخۆشخانەیەکی شێرپەنجە لە ژاپۆن و لەگەڵ پزیشکەکانی ئەوێ مامەڵەی لەگەڵ تووشبووانی شێرپەنجە کردووە، بە رووداوی گوت؛ پسپۆڕانی ژاپۆن بۆ رێگری لە تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر، جەخت لە سێکسی تەندروست دەکەنەوە و بۆ رێگری لە شێرپەنجەی پەنکریاسیش پێشنیاز دەکەن، کۆنتڕۆڵی شەکرە و قەڵەوی بکرێت.
ئەو نەخۆشخانەیەی د. سارا چووە بۆی، ناوی نەخۆشخانەی JFCRـە بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە کە یەکێکە لە سەنتەرە گەورەکانی چارەسەری نەخۆشییەکە لە تۆکیۆ، د. سارا روونی دەکاتەوە، ئەوەی وایکردووە نەخۆشەکانی ئەوان باشتر چارەسەر بکرێن، بوونی دەرمانە، چونکە زۆرێک لە دەرمانە جیاوازەکانی شێرپەنجە بۆ نەخۆشەکان بەردەستن لە کە عێراقدا نین یاخود زۆر کەمن.
ئەو پسپۆڕە ئەوەشی باسکرد، ستافی پزیشکانی نەخۆشخانەکە پێیان باش بووە سیمینارێک لەسەر نەخۆشانەی هیوایان پێشکێش بکرێت، تاوەکو زیاتر شارەزای ئەزموونی یەکێک لە گەورەترین سەنتەرەکانی چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە لە عێراقدا بکەن.
بەپێی ئامارەکانی ژاپۆن، تووشبووانی شێرپەنجەی سییەکان 30.5 کەس لەکۆی 100 هەزار کەس دەگرێتەوە، ئەمەش لەگەڵ ئەوەدا دێت کە ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی هەوای پیسە و بەپێی سەرچاوەی IQ Airـی نێودەوڵەتی، رێژەی پسیبوونی بە تەنۆلکە وردەکانی PM 2.5 نزیکەی دوو ئەوەندەی ئاستی ستانداردە.