توێژینەوەیەک: وەرزش توانای بڕیاردان و سەرنج باشتر دەکات

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە پۆڵەندا دەریدەخات، وەرزشی رۆژانە توانای بڕیاردان و فەرمانەکانی مێشک باشتر دەکات.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی یاگەلۆنیان لە پۆڵەندا لەماوەی دوو مانگ و نیو کرا، بەشداربووان هەموو رۆژێک 30 بۆ 60 خولەک وەرزشی کاردیۆ بەتایبەت پایسکیلسوارییان دەکرد و دەرکەوت، ئەوانەی پابەندی وەرزشی رۆژانەیان بوون مێشیان زیاتر جەختی لە وردبوونەوەی زانیارییە پێویستەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکرد.
 
تۆماس لێگێزا، دەروونناس و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: مێشکی وەرزشڤانان زیاتر جەخت لە زانیارییە پێویستەکان دەکاتەوە، ئەمەش توانای بڕیاردان باشتر دەکات، بەهۆی ئەو وەرزشەی کە دەیکەن.

جێفری ئێدوارد، توێژەرە و پسپۆڕی مێشک و دەمارە لە زانکۆکە هۆکاری ئەو کاریگەرییەی وەرزش لەسەر مێشک روون دەکاتەوە ''وەرزش سووڕی خوێن چالاک دەکات، ئەمەش ئۆکسجینی زیاتر بۆ مێشک دەگوازێتەوە''.
 
پسپۆڕان ئەوەش باس دەکەن، ئەگەر کەسێک نەیتوانی پایسکیئلسواری بکات، ئەوا دەتوانێت رۆژانە بۆماوەیەکی درێژ بەپێ بڕوات.

کۆمەڵەی پسپۆڕانی مێشک و دەمار لە ئەمریکا چەند رێگەیەک بۆ باشترکردنی فەرمانەکانی مێشک و یادگە پێشنیاز دەکات وەکو؛
 
- خەوی رێک؛ رۆژانە 7 بۆ 8 کاژێر.
- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی؛ پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و ئاژەڵ.
- کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی؛ ئەنجامدانی وەرزشەکانی خاوبوونەوە وەکو 'راگرتنی هەناسەدان و هەناسەدانی قووڵ، یۆگا و نوێژ'.
- خۆراکی تەندروست؛ بایەخدان بە خۆراکە پڕۆتینییەکان، چەورییە ناتێرەکان و دژەئۆکسێنەکان.
- بایەخدان بەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا 3.
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول.