کۆمەڵەی دەرمانسازانی ئێران: بەهۆی پیسبوونی هەواوە 50٪ بەکارهێنانی دەرمان زیاد بووە

رووداو - تەندروستی

کۆمەڵەی دەرمانسازانی ئێران رایدەگەیێنێت، بەهۆی پیسبوونی هەواوە رێژەی بەکارهێنەرانی دەرمانەکانی هەناسەدان و نەخۆشییەکانی دڵ زیادبووە.
 
دکتۆر یەدوڵڵا سوهرابی، پزیشکی دەرمانساز و ئەندامی کۆمەڵەی دەرمانسازانی ئێران رایگەیاند، پیسبوونی هەوا لە وڵاتەکە بووەتە کێشەیەکی سەرەکی و چەندان لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان بەجێهێشتووە، بەتایبەت زۆربەکارهێنانی دەرمان و زیادبوونی رێژەی نەخۆشییەکان.
 
ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی دەرمانسازانی ئێران دەڵێت: تەنۆلکە پیسکەرەکانی هەوا کە قەبارەیان (2.5PM بۆ 10PM)ـە دەشێت لەڕێگەی هەناسەدانەوە تێکەڵ بە خوێن و جەستەی مرۆڤ ببن و چەندان نەخۆشیی وەکو (هەوکردنی بۆڕیی سییەکان، نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، رەبۆ، تێکچوونی مێشک، لەبیرچوونەوە و شێرپەنجە) دروستبکەن.
 
کۆمەڵەکە ئاماژە بە توێژینەوەیەکی نێوخۆیی وڵاتەکە دەکات کە دەرکەوتووە، ''رێژەی پیسبوونی هەوا لە ئێران لە دۆخی مەترسیداردایە، هەر ئەمەش وایکردووە؛ بەکارهێنانی دەرمانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان و دڵ 30٪ بۆ 50٪ زیاد ببن''.
 
جگە لەمانەش لیژنەی بەدواداچوونی دەرمان لە دەزگای خۆراک و دەرمانی ئێران ئاشکرای کردووە، پیسبوونی هەوا گوشاری دارایی لەسەر خێزانەکانیش دروستکردووە، بەهۆی جەرجکردنی پارەی زیاتر بە دەرمان و چارەسەری پزیشکی.
 
تەنۆلکە پیسکەرەکانی هەوا چین؟
 
ئەو دەنکۆڵە هەرە وردانەن کە لە هەوای پیسبووی شارەکاندا هەن و تیرەیان کەمتر لە 2.5 مایکرۆ مەترە و لە زانستدا بە PM 2.5 ناسراون. زیاتر لە دووکەڵی ئۆتۆمبێل، موەلیدە، کارگەکان و سووتاندنی دارەوە دەردەچن.
 
ئەم تەنۆلکانە کورتخایەن و درێژخایەن دەکرێت بچنە جەستەوە و تێکەڵ بە سووڕی خوێن ببن و ببنەهۆی؛
 
- هەوکردنی سییەکان 
- نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن 
- لەبارچوونی منداڵ  
- پێنەگەیشتنی سییەکانی کۆرپە 
- هەستیاری 
- لاوازبوونی توانای سێکسی 
- نەخۆشییەکانی گورچیلە 
- نەخۆشییەکانی جگەر  
- مردنی لەناکاو  
- شێرپەنجە