عێراق 62 نەخۆشخانەی نوێ دەکاتەوە
رووداو - تەندروستی
وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، تۆڕی چاودێریی تەندروستی لە عێراق فراوانتر کراوە و 62 نەخۆشخانەی نوێ، 21 سەنتەری تایبەتمەند و 78 بنکەی تەندروستی لە سەرتاسەری وڵاتدا تەواو کراون.
ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، گوتی پڕۆژە نوێیەکان توانای نەخۆشخانەکانی عێراقیان بۆ 53 هەزار قەرەوێڵە بەرزکردووەتەوە، کە زیاتر لە 2 هەزار یەکەی چاودێریی چڕ و چاودێریی دڵ لەخۆدەگرن. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، 16 نەخۆشخانەی دیکە کە هەریەکەیان جێگەی 500 قەرەوێڵەیان دەبێتەوە، لە چوارچێوەی رێککەوتنی عێراق و چیندا لەژێر دروستکردندان.
حەسناوی، ئاماژەی بەوەکرد، سیستمێکی نوێی نیشتمانیی بیمەی تەندروستی دابین دەکرێت کە هەموو هاووڵاتییان دەگرێتەوە، لەگەڵ پاڵپشتیی تەواوەتی بۆ توێژە کەمداهاتەکان و داشکاندنی نرخەکان تاوەکو 75% بۆ کەسانی دیکە، حکومەت هەروەها چاودێریی کەرتی تەندروستیی تایبەتی زیاد کردووە و نرخی 90%ی دەرمانەکانی یەکخستووە.
وەزیری تەندروستیی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، رێژەی مردنی دایکان و منداڵانی ساوا دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی قوتابخانەکان و پڕۆگرامەکانی پشکنینی منداڵانی تازە لەدایکبوو.
سەبارەت بە هەوڵەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان، وەزارەتی تەندروستی بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، سەنتەری شیاندنەوەی لە سەرجەم پارێزگاکان کردووەتەوە، لەنێویاندا سەنتەری نوێی "قەنات" لە بەغدا، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵوودەبوون و بەهێزکردنی تەندروستیی گشتی لە سەرتاسەری وڵاتدا.