ئاسایشی تەندروستیی بەریتانیا: تووشبوون بە سیل زیادبووە
رووداو - تەندروستی
دەزگای ئاسایشی تەندروستیی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی سیل لە ئینگلاند بەرز بووەتەوە.
دەزگای ئاسایشی تەندروستیی بەریتانیا UKHSA ئاشکرای دەکات، رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی سیل لە وڵاتەکە لە ساڵی 2024 بەراورد بە ساڵی 2023 نزیکەی 14٪ بەرز بووەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری UKHSA، ساڵی رابردوو پێنج هەزار و 490 تووشبووی سیل تۆمار کراون، بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2023دا چوار هەزار و 831 تووشبوو بووە. بەمەش لەماوەی ساڵێکدا 659 تووشبوو زیاد بووە.
تەنانەت دەزگاکە ئەوە دەردەخات، رێژەی تووشبوون بە سیل لە ناوچە هەژار و کەمداهاتەکانی ئینگلاند پێنج ئەوەندە زیاترە لە ناوچە دەوڵەمەندنشینەکان.
ئەم زانیارییانەی خوارەوە بەگوێرەی WHO و CDC و داتاکانی بانکی جیهانیین لەبارەی نەخۆشیی سیل؛
سیل چییە؟
سیل نەخۆشییەکی درێژخایەنی گوازراوەیە کە هۆکاری جۆرە بەکتریایەکە، جگە لە سییەکان کە شوێنی سەرەکی گەشەکردنیەتی، دەکرێت تووشی ئەندامەکانی دیکەش ببێت.
چۆن سیل دەگوازرێتەوە؟
- لەڕێگەی هەوا بە پژمین و کۆکەی کەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە.
- لەڕێگەی دڵۆپەکانی نێو دەمی کەسێک کە لەکاتی قسەکردندا دەردەپەڕن.
- ناگوازرێتەوە بە (نانخواردن لەگەڵ کەسی تووشبوو- تەوقەکردن- دەستلێدان لە جلوبەرگی کەسی تووشبوو و ماچکردن).
نیشانەکانی سیل چین؟
- کۆکەی بەردەوام بۆماوەی دوو هەفتە زیاتر.
- بەڵغەمی خوێناوی لەگەڵ کۆکیندا.
- ئارەقەکردنەوەی شەوان و هەستکردن بە سەرسووڕان.
- تا و بێهێزی.
- کەمبوونەوەی کێش و ئارەزووی خواردن.
- سینگئێشە.
کێن ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان زۆرە؟
- ئەوانەی پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ تووشبووی سیلدا هەیە.
- پزیشکان و کارمەندانی تاقیگە.
- تووشبووانی شەکرە و پەککەوتنی گورچیلەکان.
- ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان.
- بەساڵاچووان.
- تووشبووانی ئەیدز.
- ئەو منداڵانەی شیری دایکی تووشبوو دەخۆنەوە.
لێکەوتەکانی تووشبوون بە سیل چین؟
- پشتئێشە.
- هەوکردنی پەردەی مێشک.
- کێشەکانی جگەر و گورچیلە.
- ناڕێکیی فەرمانەکانی دڵ.
کەسانی تووشبوو بە سیل چی بکەن؟
- داپۆشینی دەم لەکاتی کۆکە و پژمە یان پێکەنین.
- بەکارهێنانی دەمامک لە شوێنی قەرەباڵخ و لە نزیک کەسانی دیکەدا.
- فڕێدانی کەلوپەلە بەکارهاتووەکان.
- کردنەوەی دەرگە و پەنجەرەکان بۆ هەواگۆڕکێ.
- خەوتن لە ژوورێکی تەنیادا.
- نەڕۆیشتن بۆ شوێنی کار یاخود خوێندنگە تاوەکو پزیشک رێگە بە نەخۆشەکە دەدات.
پێشگیریکردن لە نەخۆشیی سیل چۆنە؟
- خۆپاراستن و تێکەڵاونەبوون لەگەڵ کەسی تووشبوو.
- نەچوونە ئەو وڵاتانەی سیلیان تێدا زۆرە.
- کوتان بە ڤاکسینی دژەسیل بە ناوی BCG. کە بەوە دەناسرێتەوە نیشانەیەک لەسەر شان بەجێدەهێڵێت.
سیل و هەندێک ئامار؛
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی 2022دا 8 وڵات زۆرترین تووشبووی سیلی تێدا تۆمار کرا کە بریتیبوون لە (هیندستان، ئەندەنوسیا، چین، فلیپین، پاکستان، نەیجیریا، بەگلادیش و کۆماری کۆنگۆ).
لە ساڵی 2023دا پێشبینی کرا لە جیهاندا 1.5 ملیۆن کەس بەهۆی سیلەوە گیانیان لەدەستدابێت، لەکاتێکدا لە ساڵی 2021دا 1.2 ملیۆن و لە ساڵی 2022دا 1.4 ملیۆن قوربانیی نەخۆشیی سیل تۆمار کرابوون.