پۆدکاستی کلینیکاست؛ مەرج نییە گێزەر هەموو کاتێک بۆ چاو باش بێت!

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو لە پۆدکاستی کلینیکاست رایدەگەیێنێت، گێزەر دەوڵەمەندە بە ڤیتامین A و بەسوودە بۆ چاو، بەڵام ئەگەر کەسێک تووشی لاوازیی تۆڕەی چاو ببێت، نابێت گێزەر بخوات.
 
د. نەغەم حەموود، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو میوانی پۆدکاستەکەیە و دەڵێ، پێویستە هەموو چاویلکەیەک فیلتەری تیشکی خۆری تێدا بێت، چونکە تیشکی خۆر و تیشکی شاشەکان هۆکارن بۆ لاوازبوون و تێکچوونی تۆڕەی چاو.
 
ئەو پسپۆڕە زیانی گێزەر لە نەخۆشییەکی چاودا روون دەکاتەوە، ''تووشبووانی کێشەکانی تۆڕەی چاو جۆرە دەرمانێک وەردەگرن کە لەگەڵ مادەکانی نێو گێزەر کارلێک دەکات و نابێت بخورێت لەو بارەدا''.
 
لە وەڵامێکی د. هونەری پێشکێشکاردا لەبارەی بەکارهێنانی مۆبایل، میوانەکەی دەڵێت: دایک و باوک هەوڵبدەن کۆنتڕۆڵی بەکارهێنانی مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکانی منداڵەکانیان بکەن.
 
یاسای 20-20-20 چییە؟
 
بۆ پشوودانی چاو یاسای 20-20-20 بەکاربێت، بەجۆرێک لەکۆی 20 خولەک خوێندنەوە و سەیرکردنی شاشەکان 20 چرکە سەیری دوورییەک بکرێت کە لانیکەم 20 پێ کە دەکاتە شەش مەتر یاخود زیاتر دووربێت.
 
رووداو لەبارەی پاراستنی چاوەکانەوە پرسیاری لە هاونیشتمانییان کردووە و یەکێک دەڵێت: بۆ پاراستنی چاوم رووناکیی مۆبایلەکەم کەم دەکەمەوە، یەکێکی دیکە گوتی، لە مۆبایل دوورکەوتوومەتەوە بۆیە چاوم باش دەبینێت.