لە ئێران هۆشداری لە ''شەپۆلی تووندی ئەنفلەوەنزا'' دەدرێت؛ 7 کەس گیانیان لەدەستداوە

رووداو - تەندروستی

ناوەندێکی پزیشکی لە ئێران هۆشداری دەدات لە تووندیی بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا لە وڵاتەکە و رایدەگەیێنێت، ئەنفلەوەنزای ئەم ساڵ جیاوازە و نیشانەکانی تووند و درێژخایەنن.
 
مینۆ موحزاز، ئەندامێکی ناوەندی زانستە پزیشکییەکانی ئێرانە و دەڵێت: تەنیا لە پارێزگای یەزد لە هەفتەیەکدا حەوت کەس بە لێکەوتەکانی ئەنفلەوەنزا گیانیان لەدەستداوە، جێگری سەرۆکی زانکۆی یەزد بۆ زانستە پزیشکییەکان گوتی، ''لە هەفتەیەکدا 471 تووشبووی ئەنفلوەنزای تووند تۆمار کراون''.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی ئێران، منداڵانی خوار پێنج ساڵان 16٪ـی تووشبووەکان پێکدەهێنن و کەسانی پێگەیشتووش 42٪ و بەساڵاچووانیش 30٪.
 
تووندی ئەم پەتایە لە ئێران لەکاتێکدایە کە ئێستا وڵاتەکە بەدەست پیسبوونی کەشوهەواوە دەناڵێنێت و چەندین جار هۆشداری دراوە کە منداڵ و بەساڵاچووان بۆ کاری پێویست نەبێت، نەچنە دەرەوە.
 
بەم رێگەیانە خۆت لە ئەنفلەوەنزای وەرزی بپارێزە؛
 
1- شووشتنی دەستەکان بەمەرجێک زیاتر بێت لە 20 چرکە.
2- بەکارهێنانی مادەی پاکژکەرەوە بۆ سەر مێز و کەلوپەلەکانی دەوروبەرت.
3- بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدە بەتایبەت مزرەمەنییەکان.
4- رۆژانە ئاوی پێویست بخۆرەوە.
5- نزیک مەکەورەوە لە کەسی تووشبوو.
6- کەسانی تووشبوو لەکاتی کۆکە و پژمە کلێنکس بەکاربهێنن.
7- دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ.
8- هەواگۆڕکێ لەنێو ماڵدا هەبێت.
9- کوتان بە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی.
10-  دەرزیی تێکەڵە بەکارمەهێنە، چونکە بەرگریی جەستە لاواز دەکات.
11- بە ئاوی شلەتێن یاخود سارد خۆتبشۆ، چونکە بەرگریی جەستە بەهێز دەکات.
 
گرووپە مەترسیدارەکان بۆ تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا؛
 
* کەسانی قەڵەو
* تووشبووانی شێرپەنجە 
* بەساڵاچووان 
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ
* تووشبووانی شەکرە 
* تووشبووانی رەبۆ 
* منداڵی خوار 5 ساڵان 
*  خانمانی دووگیان
* تووشبووانی ئەیدز