حەبێکی نوێ لە تاقیکردنەوەیەکدا کۆلیسترۆڵی ''خراپ'' بە رێژەی 58% کەم دەکاتەوە
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا چارەسەرێکی نوێی بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرزی کۆلیسترۆڵ و مەترسییەکانی سەر تەندروستیی دڵ تاقیکردەوە.
کۆلێژی پزیشکی بایلۆر لە ئەمریکا، دەرمانی ئێنلیسیتاید دیکانۆوەیت (enlicitide decanoate) لەسەر ئەو کەسانە تاقیکردەوە کە بەهۆی حاڵەتێکی بۆماوەییەوە ئاستی کۆلیسترۆڵی ''خراپ''یان (LDL-C) بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرزە.
کۆلێژە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەدەکات خواردنی یەک حەبی رۆژانەی ئێنلیسیتاید دیکانۆوەیت دوای 24 هەفتە دەتوانێت ئاستی کۆلیسترۆڵی ''خراپ'' بە تێکڕای رێژەی 58.2% کەمبکاتەوە.
د. کریستی بالانتاین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێن: لە کەسانی پێگەیشتوودا کە نەخۆشیی (HeFH)ـیان هەیە، ئێنلیسیتاید چارەسەرێکی کاریگەر و سەلامەتە بۆ دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵی 'خراپ'.
دەرمانی ئێنلیسیتاید دیکانۆوەیت، کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی پرۆتینی (PCSK9) کە پرۆتینێکی خوێنە و رێگری لە هەوڵەکانی جگەر دەکات بۆ پاککردنەوەی کۆلیسترۆڵی ''خراپ''.