پسپۆڕێکی هەناو چەند رێکارێکی خۆپارێزی لە بەرزیی کۆڵیستڕۆڵ دەخاتەڕوو
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، زۆربەی کات بەرزیی چەوریی خوێن بێ نیشانەیە، بەڵام هەندێک جار نیشانەکانی لە چاوەکاندا دەردەکەون، هاوکات چەند رێکارێکی خۆپارێزی و چارەسەریی بۆ خستووەتەڕوو.
ئەمڕۆ دووشەممە 8-12-2025 د. عەلی ئیبڕاهیم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، ''قەڵەوی یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە بەرزیی چەوریی خوێن، هەروەها 75%ی ئەوانەی بەرزیی چەوریی خوێنیان هەیە بۆماوەییە و رێژەکەی دیکەش بۆ شێوازی ژیانی ناتەندروست دەگەڕێتەوە.''
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ لەبارەی خۆپارێزی و چارەسەرییەوە دەڵێت، ''ئەوانەی بەرزیی کۆلیستڕۆڵیان هەیە با سپێنەی هێلکە بخۆن، بەڵام زەردێنە نەخۆن، هەروەها لە بەرهەمە شیرەمەنیییەکان تەنیا ماست بخۆن و ئەوانی دیکە نەخورێت.''
د. عەلی ئیبڕاهیم روونیشیدەکاتەوە، ''بۆ ئەوانەی کۆلیستڕۆڵیان بەرزە، گۆشتی ماسی و مریشک سەلامەترن لە گۆشتی سوور، بەتایبەت گۆشتی ماسیی سەلەمون زۆر باشە، هاوکات سەوزە، میوە و چەرەزات زۆر بەسوودن.''