توێژینەوەیەک: ڤاکسینی کۆرۆنا هیچ پەیوەندییەکی بە کەمبوونەوەی منداڵبوونەوە نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری زانستیی (Communications Medicine)ی سوێدی بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا نابێتە هۆی کەمبوونەوەی منداڵبوون یان زیادبوونی لەبارچوونی کۆرپەلە. باس لەوەش دەکات، ئەو دەنگۆیانەی لەو بارەیەوە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکرێنەوە بێ بنەمان.
 
توێژەران لەم لێکۆڵینەوەیەدا داتای نزیکەی 60 هەزار ژنی تەمەن 18 بۆ 45 ساڵیان لە هەرێمی یۆنشۆپینگی سوێد وەرگرتووە و بەدواداچوونیان بۆ دۆخی تەندروستی و منداڵبوونیان لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2024 کردووە.
 
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە بیسەلمێنێت ڤاکسینەکانی وەک فایزەر و مۆدێرنا کاریگەرییان لەسەر پیتاندن یان وێڵاشی دایک هەبووبێت، بەڵکو ئامارەکان دەریدەخەن کە منداڵبوون لەنێوان ئەو ژنانەی ڤاکسیان وەرگرتووە و ئەوانەی وەریان نەگرتووە، وەک یەکە.
 
هەرچەندە لە ساڵانی دوای سەرهەڵدانی کۆرۆنا منداڵبوون لە سوێد بە رێژەیەکی کەم دابەزیوە، بەڵام توێژینەوەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم دابەزینە پەیوەندیی بە ڤاکسینەوە نییە و هۆکارەکەی بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەگەڕێتەوە.
 
توێژەران پێیان وایە، کەرەنتینە و نادڵنیایی لە باری دارایی و گۆڕانی پلانی خێزانەکان بۆ منداڵبوون لەکاتی پەتایەکی جیهانیدا هۆکاری سەرەکین کە وایانکردووە منداڵبوون کەم ببێتەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تەنیا نزیکەی 1%ی ئەو ژنانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە تووشی لەبارچوونی منداڵ بوون، کە ئەمەش رێژەیەکی ئاساییە و بەراورد بە ساڵانی پێش بڵاوبوونەوەی ڤاکسینەکەش هیچ زیادبوونێک رووینەداوە.
 
ئەم توێژینەوەیە لە کاتێکدایە، هەندێک لە هاووڵاتییان گومانیان لە کاریگەرییەکانی ڤاکسین هەیە، بەڵام توێژەران هیوادارن ئەم داتایانەی سوێد کە لەسەر بنەمایەکی زانستیی ورد کۆکراونەتەوە، کۆتایی بەو ترس و گومانە بێنن کە لەبارەی نەزۆکی و ڤاکسینەوە بڵاودەکرێنەوە.
 
سەرهەڵدانی دەنگۆکان لەبارەی کاریگەریی ڤاکسین لەسەر توانای وەچەخستنەوە بۆ سەرەتای ساڵی 2021 دەگەڕێتەوە، کاتێک هەندێک پۆست لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ڤاکسینە نوێیەکانی جۆری مۆدێرنا کێشە بۆ ئەو پڕۆتینانە دروست دەکەن کە رۆڵیان لە گەشەی وێڵاش لە منداڵدانی دایکدا هەیە. هەرچەندە زانایان زوو روونیان کردەوە کە ڤاکسینەکە کێشە دروست ناکات، بەڵام ئەم ترسە لەنێو بەشێک لە خەڵکدا مایەوە.