پسپۆڕێک: بیمەی تەندروستی 80%ی نرخی دەرمان کەم دەکاتەوە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی حکومڕانیی تەندروستی ئاماژە بەوەدەکات، تێچووی چارەسەری پزیشکی لە هەموو جیهان لە بەرزبوونەوەدایە و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش نەخۆشییە درێژخایەنەکان و نەبوونی بیمەی تەندروستییە.
ئەمڕۆ دووشەممە 9-2-2026 د. ئارام سەڵاح پسپۆڕی حکومڕانیی تەندروستی لە بوڵتەنی تەندروستی راگەیاند، "بیمەی تەندروستی دەتوانێت 70% تاوەکو 80%ی نرخی دەرمان کەمبکاتەوە و زۆربەی کێشەکان چارەسەر بکات."
د. ئارام سەڵاح گوتی، "دەبێت دەرمان بۆ هەموو هاووڵاتییان بەردەست بێت، ئەوەش پێویستی بە رێکخستن هەیە."
ئەو پسپۆڕەی حکومڕانیی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، جێبەجێکردنی پلانی بیمەی تەندروستی بە رۆژێک ناکرێت و پێویستی بە رێکخستنەوەی ورد هەیە.
د. ئارام سەڵاح لەبارەی رۆڵی حکومەتەوە گوتی: "پێویستە حکومەت چاودێریی نرخ بکات و ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان دابین بکات."
د. ئارام سەڵاح پێشنیازی کرد، کەرتی گشتی و تایبەت جیابکرێنەوە و گوتی، "ئەو پزیشکەی لە کەرتی گشتی کاردەکات، دەبێت شایستە داراییەکانی وەربگرێت و تەنیا لەوێ کاربکات، بۆ ئەمەش پێویستە هاوئاهەنگی لەنێوان حکومەت، هاووڵاتی و بانکەکاندا هەبێت."