سپڕەیەکی لووت بۆ رێگریکردن لە ئەنفلەوەنزا ئەنجامی دڵخۆشکەری لە تاقیکارییەکاندا نیشانداوە
رووداو - تەندروستی
توێژەران سپڕایەکی لووتیان بۆ رێگریکردن لە ئەنفلۆنزا پەرەپێداوە کە لە تاقیکارییە سەرەتاییەکانی لەسەر مرۆڤ ئەنجامی دڵخۆشکەری نیشانداوە.
زانایان لە تاقیگەکانی لایدن (Leyden Labs) لە هۆڵەندا، رێگەیەکی جیاوازیان گرتووەتەبەر: سپڕایەکیان تاقیکردەوە کە راستەوخۆ دەدرێت لە لووت بۆ رێگریکردن لە ڤایرۆس لە خاڵی چوونەژوورەوەدا، سپڕاکە دژەتەنێکی تێدایە بە ناوی (CR9114)، کە پێچەوانەی ڤاکسینە باوەکانە کە تەنیا دەتوانن جۆرە دیاریکراوەکانی ئەنفلۆنزا بناسنەوە، (CR9114) دەتوانێت نزیکەی هەموو جۆرەکانی ئەنفلۆنزای A و B بناسێتەوە و رێگرییان لێبکات.
تاقیگە هۆڵندییەکە ئاماژە بەوەدەکات تاقیکردنەوەکان لەسەر مشک و مەیموون سەرکەوتوو بوون، وە تاقیکردنەوە لەسەر 143 خۆبەخشی تەندروست لە تەمەنی 18 بۆ 55 ساڵ ئەنجامدراوە، هیچ کاریگەرییەکی لاوەکیی مەترسیدار لە هیچ کام لە بەشداربووان نەبووە، دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی دوو جار لە رۆژێکدا باشترین ئەنجامی هەیە، چونکە لووت بە شێوەیەکی سرووشتی خۆی پاکدەکاتەوە.
تاقیگەکانی لایدن ئاشکرای دەکات یەکێک لە دۆزینەوە هەرە سەرنجڕاکێشەکان ئەوەبوو کە پرژاندنی دژەتەنەکە راستەوخۆ بۆ نێو لووت، بووە هۆی ئەوەی چڕیی دژەتەنەکان لە نێوپۆشی لووتدا چوار هەزار و 600 هێندە زیاتر بێت.