پسپۆڕێکی چاو لەبارەی رووداو AI: گۆڕینی نووسین بۆ دەنگ چاو دەپارێزێت و بۆ بەساڵاچووان زۆر بەسوودە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی چاو لەبارەی پڕۆژەی رووداو ئەی ئای دەڵێت: بۆ پاراستنی چاو گرنگە و ئەوانەی کە چاویان کزە دەتوانن سوودی لێ وەربگرن بەتایبەت بەساڵاچووان، تەنانەت دەشڵێت: مانەوە لە ماڵەوە دەبێتەهۆی بۆ کزبوونی چاوەکان و هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.
د. عەباس نزار، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو دەڵێت: کەسانی بەساڵاچوو گرنگە بایەخی زیاتر بە ژیرییە دەستکردەکە بدەن، تەنانەت پسپۆڕەکە دەشڵێت، خۆی سوودی لەو ژیرییە دەستکردەی پۆرتاڵی رووداو وەرگرتووە.
د. عەباس نزار دەڵێت: زۆرخوێندنەوەی نووسین هۆکارێکە بۆ وشکبوونی چاوەکان، بۆیە ئەگەر بکرێت بە دەنگ ئەوا مەترسیی تووشبوون بەو کێشەیە کەمدەبێتەوە.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، ئەو ژیریی دەستکردەی لەنێو هەواڵەکانی پۆرتاڵی رووداودا بەکارهاتووە کەسانی بەساڵاچوو سوودی سەرەکیی لێوەردەگرن، چونکە وادەکات کەمتر سەرنج بخەنە سەر وشەکان و تەنیا لەڕێگەی گوێگرتنەوە زۆرترین زانیارییان دەستبکەوێت، چونکە بەساڵاچووان توانای چاویان لاوازدەبێت و سەرنجی بینینیان بۆ وشەی نێو ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کەمە.
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی چاو گوتی، لەنێو ژمارەی نەخۆشەکان، ئێستا کزبوونی چاو زۆر زیادی کردووە و زۆرینەشیان منداڵ و مێردمنداڵانن، هاوکات ئەوەش باسدەکات کە هۆکاری ئەو چاوکزییە بۆ زۆربەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەگەڕێتەوە.
لە بەشێکی قسەکانیدا د. عەباس ئاشکرای دەکات، مانەوەی زۆر لە ماڵەوە وادەکات چاو دوورییەکی کەم ببینێت کە ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندیی هەیە بە کەمبوونەوەی توانای چاو، چونکە ''چاو تا دووری مەودا درێژی پێ ببیندرێت، بەهێزتر دەبێت''.
لە بازدانێکی گەورەی میدیایی و تەکنەلۆجی، دێسکی ژیریی دەستکردی رووداو نوێترین پڕۆژەی رادەگەیێنێت کە خوێندنەوەی هەواڵەکانی ماڵپەڕی رووداوە بە دەنگ. بۆ ئەوەش بەتەواوی پشت بە ژیریی دەستکرد بەستراوە.
رووداو بە چوار زمان و دوو شێوەزاری زمانی کوردی بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە. لە هەر زمان و شێوەزارێک بە تایبەتمەندیی خۆیان دەنگ بۆ خوێندنەوەی هەواڵەکان زیادکراوە.
لە شێوەزاری کورمانجیی خواروو (سۆرانی) خوێنەران و سەردانیکارانی رووداو دەتوانن بە دەنگی شاهۆ ئەمین، پێشکێشکاری بەنێوبانگی رووداو گوێ لە هەواڵەکان بگرن.
"چاوتان پشوو پێ بدەن و گوێ بگرن،" درووشمی ئەم پڕۆژەیەی رووداوە کە وادەکات خوێنەران ئاسانتر و وردتر لە هەواڵەکان تێبگەن.
بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر پڕۆژەی رووداوی ئەی ئای، کلیک لێرە بکە.