فرۆشی ئەو دەرمانەی دۆناڵد ترەمپ بە مەترسی لەسەر خانمانی دووگیان ناویبرد، کەم بووەتەوە
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لەڕووی ئابوورییەوە دەریدەخات، فرۆشی ئەو دەرمانەی کە سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ''لە ماوەی دووگیانیدا بەکارنەیەت و ئەگەری وەچەخستنەوەی ئۆتیزم زیاد دەکات'' کەم بووەتەوە و ئێستا خانمانی دووگیان بەکاریناهێنن.
توێژینەوەکە لە رۆژنامەی لانێست بڵاو کراوەتەوە و ئاشکرای دەکات، بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێنی تایلینۆڵ Tylinol لەنێو خانمانی دووگیاندا لە ئەمریکا دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 10٪ کەمی کردووە، ئەمەش بەهۆی ترسیانە لەوەی وەچەکانیان نەبنە ئۆتیزم.
ماوەی بەراوردکاریی بەکارهێنانی دەرمانەکە، سێ مانگ پێش و سێ مانگ دوای گوتارەکەی ترەمپە. هەرچەندە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری دەرمانەکە پێداگرە لەوەی دەرمانەکەیان سەلامەتە و دەکرێت خانمان لەژێر رێنوێنیی پزیشکەکەیان بەکاریبهێنن.
چیرۆکی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دەرمانەکە
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ چەند وەزیرێک لەبارەی پرسێک کە پەیوەندیی بە داهاتووی نەوەکانی وڵاتەکەوە ئاشكرای کرد، ''بەکارهێنانی دەرمانێکی ئازارشکێن، وەچەی ئۆتیزم دەخاتەوە''.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سێپتێمبەری ساڵی رابردوودا گوتی، ''ئەسیتامینۆفین. کە لە بنەڕەتدا بەشێوەیەکی باو بە تایلینۆڵ ناسراوە، لەکاتی دووگیانیدا دەکرێت پەیوەندی بە مەترسییەکی زۆر زیادبووی ئۆتیزمەوە هەبێت. کەواتە وەرگرتنی تایلینۆڵ باش نییە، باشە؟ من دەڵێم، باش نییە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی بە تووندی رێنمایی دەدەن کە ژنان لە ماوەی دووگیانیدا بەکارهێنانی تایلینۆڵ سنووردار بکەن، مەگەر لەڕووی پزیشکییەوە پێویست بێت''.
بەگوێرەی دواین راپۆرتی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا، ئازارکشێنی تایلینۆڵ کە مادەی ئەسیتامینۆفینی تێدایە، بەپێی چەند توێژینەوەیەک دەشێت ئەگەری وەچەخستنەوەی ئۆتیزم زیاد بکات، بۆیە باشترە بۆ تا و ئازاری کەم بەکارنەیەت. لەکاتێکدا ئەسیتامینۆفین سەلامەتترین مادەیە کە لە ماوەی دووگیانیدا بەکاربێت.
راپۆرتێک ببینە.