تەندروستیی ئێران: کەشوهەوای تاران رێخۆشکەرە بۆ نەخۆشییەکانی هەناسەدان، پێست و چاو

رووداو - تەندروستی

د. عەلیڕەزا رەئیسی، بریکاری وەزیری تەندروستیی ئێران رایدەگەیێنێت، کەشوهەوای ئێستای تاران هی ئەوەیە کە ببێتە هۆی کێشەکانی هەناسەدان، نەخۆشییەکانی پێست و چاو.
 
دوای بۆردوومانکردنی سەرچاوە نەوتییەکانی ئێران و بەتایبەت شاری تاران، وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکە بە هاووڵاتییان دەڵێت، تاوەکو پێیان دەکرێت، نەیەنە دەرەوە و پەنجەرەی ماڵەکانیان دابخەن. تەنانەت هەواکێشی ماڵەکانیش بەکارنەهێنن.
 
سەرۆکی سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایدەگەیێنێت، خەڵکانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان ئاگایان لە سەرچاوەی ئاویان بێت، چونکە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ئەگەری پیسبوون و ژەهراویبوون زۆرە.
 
سەنتەرەکە دووپاتی دەکاتەوە، هێشتا پشکنین بۆ کواڵیتیی ئاوی گەڕەک و شوێنە بۆردوومانکراوەکان بەردەوامە. ئەوەشی راگەیاندووە کە لەم کاتەی جەنگدا هیچ نەخۆشییەکی گوازراوە لەنێو هاووڵاتییانیدا بڵاو نەبووەتەوە.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی ژینگەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کردنە ئامانجی کۆگەکانی نەوت لە نزیک تاران "تاوانێکی جەنگ و ئیکۆساید" (کۆمەڵکوژیی ژینگەیی) بووە و گوتی، بەهۆی تەقینەوەکانەوە کوالێتیی هەوای پایتەخت گەیشتووەتە ئاستێکی "مەترسیدار."
 
کواڵیتیی هەوا گەیشتە ئاستی سوور
 
بەپێی ئامارەکانی وێستگەکانی چاودێریی کوالێتیی هەوا کە سەرۆکی فراکسیۆنی ژینگە پشتی پێ بەست، دوای تەقینەوەکان ئاستی پیسبوون لە ناوچەکانی وەکو زانکۆی شەریف و شاری رەی گەیشتە 165 (AQI).
 
ئەم ئاستە لە زانستی ژینگەییدا بە "ناتەندروست بۆ هەموو توێژەکان" پۆلێن دەکرێت. رەفیعی گوتی، چڕیی تەنۆلکە هەڵواسراوەکان (PM2.5) بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە.
 
ئەو پەرلەمانتارە ئێرانییە، رەخنەی تووندی لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گرت و مامەڵەی ئەوانی بە "دووفاقیانە" ناو برد. داواشی کرد ئەم رووداوە وەکو دۆسیەیەکی "تاوانی جەنگ" لە ناوەندە جیهانییەکان بەدواداچوونی بۆ بکرێت و گوتی، "بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم تاوانە، بە واتای هاوڕێیەتییە لەگەڵ لەناوبردنی ژینگە."
 
ئامۆژگاری بۆ هاووڵاتییان
 
سومییە رەفیعی، سەرۆکی فراکسیۆنی ژینگەی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێران داوای لە دانیشتووانی تاران کرد، بۆ پاراستنی تەندروستییان ماسکی گونجاو بەکاربهێنن. هەروەها داوا لە منداڵان و بەساڵاچووان، نەخۆشانی دڵ و سییەکان و خانمانی دووگیان دەکات تاوەکو باشتربوونی کوالێتیی هەوا، لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە و خۆیان لە هەوای پیسبووی شارەکە بپارێزن.
 
پێشتریش گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا لەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی وزەی وڵاتەکەی، ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە و دەڵێت، "ئەم هێرشانە بە واتای جەنگی کیمیاییی بە ئەنقەست دێن دژی گەلی ئێران."
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "دەستدرێژییە تاوانکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر گەلی ئێران، لە رێگەی هێرشی بە ئەنقەست بۆ سەر ژێرخانی وزە، چووەتە قۆناخێکی نوێ و مەترسیدارەوە."
 
بەقایی، ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی بە ئامانجگرتنی کۆگاکانی سووتەمەنی، مادەی ژەهراوی و مەترسیدار لە هەوادا بڵاوبوونەتەوە، گوتیشی، "ئەم تاوانە راستەوخۆ ژیانی خەڵک ژەهراوی دەکات، ژینگە لەنێودەبات و گیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە لێکەوتەکانی ئەم "کارەساتە ژینگەیی و مرۆییە" تەنیا لە سنوورەکانی ئێراندا نامێننەوە و کاریگەرییان بۆ سەر ناوچەکە دەبێت.
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئیسماعیل بەقایی ئەو هێرشانەی وەکو "تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی" وەسف کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستیان هەبێت.