توێژینەوەیەک: لە بەریتانیا رێژەی مردن بە شێرپەنجە کەمی کردووە
رووداو - تەندروستی
بەپێی راپۆرتێکی نوێی دامەزراوەی توێژینەوەی شێرپەنجەی بەریتانیا (CRUK)، رێژەی مردن بە شێرپەنجە لەو وڵاتەدا لە ساڵانی هەشتاکانەوە نزیکەی سێیەک دابەزیوە.
راپۆرتەکە دەریخستووە کە ئێستا لە هەر سەد هەزار کەسێک نزیکەی 247 کەس بەهۆی شێرپەنجەوە گیان لەدەستدەدەن، کە ئەمەش 29% کەمترە لە ساڵی 1989 کە 355 کەس بوو، ئەمەش بەهۆی پێشکەوتنی گەورە لە رێگریکردن، دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە.
بەگوێرەی دامەزراوە بەریتانییەکە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، رێژەی مردن بە شێرپەنجە بە رێژەی 11% کەمیکردووە، دابەزینەکە لە چەندین جۆری شێرپەنجەدا بەدی کراوە، لەوانە:
شێرپەنجەی گەدە: 34%
شێرپەنجەی سییەکان: 22%
شێرپەنجەی هێلکەدان: 19%
شێرپەنجەی مەمک: 14%
شێرپەنجەی سورێنچک: 12%
شێرپەنجەی ملی منداڵدان: 11%
شێرپەنجەی پرۆستات: 11%
شێرپەنجەی خوێن (لۆکیمیا):9%
شێرپەنجەی کۆڵۆن: 6%
د. سام گۆدفری لە دامەزراوەی CRUK رایگەیاند "لەگەڵ ئەوەشدا رێژەی مردن بە هەندێک جۆری دیکەی شێرپەنجە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەرزبووەتەوە، وەک شێرپەنجەی گورچیلە (5%)، جگەر (14%)، چاو (26%) و زراو (29%)."
هۆکارەکانی ئەم دابەزینە لە بەریتانیا دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکار، لەوانە قەدەخەکردنی جگەرەکێشان، پشکنینی پێشوەختە بۆ شێرپەنجەی مەمک، کۆڵۆن و ملی منداڵدان، هەروەها بەکارهێنانی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی HPV کە لە ساڵی 2008ـەوە بە نزیکەی 6.5 ملیۆن کەس دراوە.