توێژینەوەیەک: ئالۆڤێرا لەبیرچوونەوە دوادەخات

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێ سوودێکی نوێی ئالۆڤێرا ئاشکرا دەکات و دەریدەخات، دەکرێت نەخۆشیی ئەڵزهایمەر دوابخات.
 
توێژەرانی زانکۆی حەسەنی دووەم لە بەغریب لێکۆڵینەوەیان لە پێکهاتەی ئالۆڤێرا کردووە و ئاشکرای دەکەن، ئاوێتەیەکی تێدایە بە ناوی (Beta- Sitosterol) کە لە گەڵای رووەکەکەدا هەیە و هاندەرێکی باشە بۆ چارەسەری ئەکزیما و هەوکردنەکانی پێست، پاشانیش باشترکردنی هەرس.
 
بەڵام توێژەران ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە بەهۆی بوونی ئەو مادەیە لەنێو گەڵای ئالۆڤێرا، دەتواندرێت رووەکەکە بۆ خاوبوونەوەی پیربوونی خانەکانی مێشک بەکاربێت. ئەمەش لەڕێگەی کارلێککردنی مادەکە لەگەڵ کارلێکەکانی مێشک.
 
توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن، دەتواندرێت ئەو توانایەی مادەی Beta- Sitosterol هەیەتی کە لەنێو ئالۆڤێرادا هەیە، بۆ دواخستنی نەخۆشیی ئەڵزهایمەر بەکاربێت.
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەلزەهایمەر باوترین نەخۆشیی لەبیرچوونەوەیە کە خانەکانی مێشک دەپووکێنەوە و لاوازدەبن، بەمەش چەند نیشانەیەک بە کورتخایەن و درێژخایەنی دەردەکەون.
 
ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە ئەڵزهایمەر کەم دەکەنەوە؛
 
- جووڵەی رۆژانە و چالاکیی جەستەیی
- خواردنی خۆراکی تەندروست
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر و پەستانی خوێن
- راهێنانی مێشک
- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
 
نیشانەکانی نەخۆشیی ئەڵزهایمەر؛
 
- بیرچوونەوەی زانیاری و رووداوەکان
- تێکچوونی هاوسەنگیی رۆیشتن
- قورسی لە گێڕانەوەی رووداوەکان
- گۆڕانکاری لە رەفتارەکان
- دڵەڕاوکێ و خەمۆکی
- لاوازیی بڕیاردان
- پەیوەستنەبوون بە کات
- بەجێهێشتنی کەلوپەلەکان 
- دانانی کەلوپەل لە شوێنی نەگونجاو